ئەسکەندەر محەمەد: ڕێژەیەکی زۆر کارگە و کۆمپانیای نوێ دادەمەزرێن
_(1)__2023_05_13_h18m20s45__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، داخستنی کۆمپانیا و کارگە کەمی کردووە و ئێستا زیاتر ڕوو لە دامەزراندن و کردنەوەی کارگە و کۆمپانیای نوێیە و دەشڵێت، ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدا کاریگەریی لەسەر کەرتی بازرگانی ھەیە.
ئەسکەندەر محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر کارگە و کۆمپانیا داخرابوون، بەڵام ئەمساڵ ڕەوشی کۆمپانیاکان، بەتایبەتی کۆمپانیای بیانی، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو باشترە، ئەگەر تۆمارکردنیان زۆریش زیادی نەکردبێت، ئەوە داخستن بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بووەتەوە و ئێستا کارگە و کۆمپانیای نوێ دادەمەزرێن.''
بەرپرسەکەی ژوورەکانی بازرگانی گوتیشی: ''گەشبینین بەوەی جووڵەیەکی زۆر بکەوێتە بازاڕ و کەرتی بازرگانی و پیشەسازی بووژانەوە بە خۆیەوە ببینێ، بەتایبەتی ئەگەر ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدا بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە کاریگەریی لەسەر بازاڕ دەبێت.''
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ژمارەیەکی بەرچاو کۆمپانیای بیانی لە ھەرێمی کوردستان ھەن و بەپێی دەستکەوتنی کار کۆمپانیا بیانییەکان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەم کارگە و کۆمپانیای نوێ دادەمەزرێن تا ڕادەیەکی باش سەقامگیری ھەیە بۆ کۆمپانیاکان.''
قائید میرۆ




