٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە زاخۆ و سۆران وردبینی بۆ ناوی کرێنشینان تەواو بووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ئاشکرای کرد، لە ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران وردبینی بۆ ناوی کرێنشینان کراوە و لە سلێمانی و دھۆک و ھەولێریش زەوی دابین کراوە بۆ دەستپێکردنی یەکەی نیشتەجێبوون.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئامادەکاریی باش بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی دروستکردنی شوقە بۆ کرێنشینان کراوە، ئێستا لە قۆناغی وردبنین بۆ ئەو ناوانەی تۆمار کراون بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون، لە زاخۆ وردبینی تەواو بووە و ناوەکان ڕادەستی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کراون، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش وردبینی ناوەکان کۆتایی ھاتووە.''

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان گوتی: "لە پارێزگای سلێمانی زەوی دیاری کراوە و تەنیا ھەندێ ڕێکار ماوە و لە ھەولێریش سێ شوێن دیاری کراون بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون.''

د. محەمەد شوکری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە پارێزگای دھۆکیش زەوی دابین کراوە و لەم مانگەوە تا مانگی ئاب لە چەندین شار و شارۆچکەی ھەرێمی کوردستان دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و کرێنشین دەچێتە واری جێبەجێکردن، ھەموو ڕێکارەکان دەگیرێنە بەر بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانە تەواو بکرێن لەپێناو خزمەتکردنی چینی ھەژار و کرێنشین.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار