٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کانیاوە وشکبووەکانی هەرێمی کوردستان دەبووژێندرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی جیهانیی یونسێف، لە ڕێگەی پرۆژەیەکی زانستییەوە جارێکی دیکە ئەو کانیاوانەی لە هەرێمی کوردستان وشک بوون، دەبووژێننەوە .

بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، دکتۆر کاروان هەورامی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەردانمان بۆ وڵاتی ئەمەریکا ئەنجامی زۆر باشی هەبوو، کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف ئەنجام داوە کە بڕیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی یونسێف دوو پرۆژەی زانستی بۆ یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و ئەگەر سەرکەوتوو بوو ئەوکات لە شوێنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت، ئەوانیش بووژانەوەی کانیاوەکانی هەرێمی کوردستان و سوودوەرگرتن لەئاوی سەر زەوی بۆ ژێر زەوی.''

دکتۆر کاروان هەورامی گوتیشی: ئەو دوو پرۆژەیە دوای ئەوە دێت تیمەکانی ئێمە و تیمێکی بەرازیلی دیراسەیان کردبوو، بۆیە ئەوەی کانیاوەکان لە یەکێک لە چیاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و ئەوەی دووەمیش لە دەوروبەری هەولێر جێبەجێ بکرێت، بەتایبەت ئەو ئاوەی لە وەرزی زستان و بەهار کۆ بووەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بیرەوە بخرێتە ژێر زەوی بۆ ئەوەی قەرەبووی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی بکرێتەوە.''

گوتیشی: ''دەمانەوێت لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە قەرەبووی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی بکەینەوە کە بەهۆی ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا قەیرانی وشکەساڵی هەبوو، بۆیە دوو پرۆژەی گرنگن و ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.''

 

بڵند ئیبراهیم 


 

هەواڵی پەیوەندیدار