٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی بە هەموو داواکارییەکان ڕازی بووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی شاندی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، هەموو ئەو داواکارییانەی لەبارەی شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن کراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕازی بووە و هیچ نەماوە ببێتە بەربەست بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆی بەڕێوە بچێت، بۆیە ئەو لێک نزیکبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و هەڵبژاردن بکرێت.

عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی و ئەندامی شاندی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەوەی باس لەوە دەکرا کە ئاستەنگە لەبەردەم هەڵبژاردن پەیوەندیی بەوە هەیە ئەگەر پەیوەندییەکان ئاسایی بکرێنەوە بیانوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نامێنێت، بۆیە چاوپێکەوتنی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی زۆر گرنگ بوو و ئەو دیوارەی هەبوو شکێندرا، بۆیە هیوادارین ئەو هۆکارەی بووە هۆی ئەو دیدار و چاوپێکەوتنە هەمان هۆکار ببێتە هۆی ئەوەی ڕێککەوتن بکرێت، بۆیە ڕێگاخۆش بووە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن.''

عەبدولسەلام بەرواری گوتیشی: مادام پارتی و یەکێتی بەرەو لێک نزیکبوونەوە دەچن خەڵک چاوەڕێی ئەوە دەکات کۆبوونەوە بکرێت بۆ ئەوەی هەر کێشەیەک هەبێت چارەسەر بکرێت و هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت.''

بەرواری باسی لەوەش کرد: ''خۆی هیچ کێشەیەک لەبەردەم هەڵبژاردن نەماوە، چونکە داوای چواربازنەیی کرا، پارتی ڕازی بوو، داوا کرا تۆماری عێراق بەکار بهێندرێت وەکوو بنەما بۆ دانانی کورسی لە هەر بازنەیەک کە چوار کورسی بۆ سلێمانی زیاد دەبێت لەبەر ئەوەی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن هەرچەند کەم بێت ئەوان 41 کورسیان دەبێت لە سلێمانی و نیوەی دەنگدان لەسەر دەنگی کەسەکان بێت و نیوەشی لەسەر ڕیزبەندیی کەسەکان لە لیست بێت، ئەوەشمان قبووڵ کرد و دەنگدان ئەلکترۆنی بێت، یاخود نا، ئەوەشمان قبووڵ کرد و پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن، بەڵام خۆیان داوای یەک لیستی دەکەن، بۆیە هیچ نەماوە ببێتە کێشەی بەردەم هەڵبژاردن.''

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار