ئەم ھەفتەیە پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسایی بوودجە دەدات

بەغدا-KDP.info- بڕیارە ئەم ھەفتەیە لیژنەی دارایی راپۆرتی خۆی لەبارەی پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق ئامادە بکات و کۆتایی بەکارەکانی بێنێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، لەم ھەفتەیە رۆژێک بۆ دەنگدان لەسەر بوودجە دیاری دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەم ھەفتەیە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە لەبارەی پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق ئەنجام دەدات و دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە دەدرێت بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت".
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گفتووگۆکانیان تەواو دەبێت و کۆتایی بەکارەکانیان دێنن و ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساکە بدرێت و پەسەند بکرێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق کرد و دواتر درایە لیژنەی دارایی بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆی لەبارەوە ئامادە بکات و دواتر بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




