پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی وەک مەرجع زۆر گرنگە و لە کاتێکی زۆر گونجاودا بوو

هەولێر -KDP.info- سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەییی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی وەکوو مەرجع لە کاتێکی زۆر گونجاودا بوو و دەستپێشخەرییەکی گرنگ بوو بۆ ڕێکخستنەوە ناوەندی سیاسیی کوردستان، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان پێشوازی لەو دەستپێشخەری و پەیامە بکەین و کاری لەسەر بکەین بۆ داهاتوویەکی گەش بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە سەرۆک بارزانی هەمیشە لە کاتی تەنگژەکاندا دەستپێشخەریی هەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
غەفور مەخمووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی کە ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد، دەستپێشخەرییەکی گونجاو بوو لە کاتێکی گونجاویشدا بوو کە ئێستا ناوەندی سیاسیی هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک پەرش و بڵاوە و پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە و ئەو پەیامە بە باوەڕی من دەکرێت هەموو لایەک کاری لەسەر بکەین و بیکەینە سەرەتایەک بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و ڕێکخستنەوەی ناوەندی سیاسیی کوردستان و لە هەمان کاتدا بیکەینە سەرەتایەک بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی داهاتووی کوردستان بۆ دەربازکردنی ئەو بارودۆخەی ئێستا ڕووبەڕووی کوردستان بووەتەوە و هیوادارم لایەنەکان بەجددی پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە بکەن و کاری لەسەر بکەن وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی ناوەندی سیاسیی کوردستان ڕێک بخەینەوە و هەموو لایەکمان بە دڵسۆزی کار بکەین بۆ داهاتوویەکی گەش."
غەفوور مەخمووری گوتیشی: "لە زۆرینەی قۆناغەکانی خەباتدا کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە و تووشی تەنگژە بووە و سەرۆک بارزانی وەکوو مەرجەعێک هەمیشە دەستپێشخەریی هەبووە بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەمڕۆش پەیامەکەی ئاڕاستەی سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کرد، ئامادەییی خۆیشی نیشان دا ئەوەی لەتوانایدا بێت هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بن بۆ باشترکردنی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان."
بڵند ئیبراهیم




