٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیروان تۆفیق: دەرچووانی بەشی گەشتیاری دادەمەزرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ئاشکرای کرد، نزیکەی سێ ھەزار و 500 فۆرم بۆ دۆزینەوەی ھەلی کار پێشکەش بە دەستەی گەشتوگوزار کراون و بڕیارە دەرچووانی بەشە گەشتیارییەکان لە کەرتی تایبەت دابمەزرێن.

سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکێک لە ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەخساندنی ھەلی کارە بۆ ھاووڵاتیان بەگشتی و بەتایبەتی دەرچووانی زانکۆ پەیمانگاکان بەپێی پلانی دەستەی گەشتوگوزار بۆ ڕێبەری گەشتیاری، ھەلی کار بۆ دەرچووانی بەشە گەشتیارییەکان دەڕەخسێندرێت و تا ئێستا سێ ھەزار و 495 فۆرم پێشکەش بە دەستە کراون بۆ دامەزراندن.''

بەرپرسەکەی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: "ئەو دەرچووانەی بەشی گەشتیاری لە کەرتی تایبەت دادەمەزرێن و دوای پێداچوونەوەی فۆرمەکان بە ڕێنماییی ناوەکانیان بۆ ھۆتێلی چوار ئەسترە و پێنج ئەستیرە و شوێنە گەشتیارییەکان ڕەوانە دەکرێن تا لە کەرتی تایبەت کاریان دەست کەوێت و دابمەزرێن.''

سیروان تۆفیق ڕوونی کردەوە: ''ئەو دەرچووانە دەبنە ڕێبەری گەشتیاری و لە داھاتوودا ڕێگە نادرێت ھیچ گرووپێکی گەشتیاری ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکات ئەگەر بێت و ڕێبەرێکی گەشتیاریی ناوخۆی لەگەڵ نەبێت، ئەوەیش ھەلێکی باشە بۆ ئەوەی دەرچووانی بەشی گەشتیاری سوودمەند بن لە دامەزراندن.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار