٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژوار فایەق: بە ھیچ شێوەیەک نابێت کار بە بڕیاری ڕژێمی بەعس بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- نوێنەری ھەرێم لە لێژنەی ماددەی 140 ئاشکرای کرد، لەمەودوا نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی لێژنەی باڵای ماددەی 140ی عێراق ئامادە دەبێت و بڕیار دراوە بە هیچ شێوەیەک کار بە بڕیارەکانی بە ناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی سەردەمی ڕژێم نەکرێت.

دژوار فایەق، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لێژنەی ماددەی 140، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەندە، وەک نوێنەری ھەرێمی کوردستان، لە لێژنەی ماددەی 140ی دەستووری عێراق دیاری کراوم و لەمەودوا لە ھەموو کۆبوونەوەکانی لێژنەکەدا لەبارەی پرسی ماددەی 140ی دەستوور بەشداری دەکەم، چونکە پێشتر لەو کۆبوونەوانەدا بەشداریمان نەبووە.''

نوێنەرەکەی ھەرێمی کوردستان گوتی: ''لێژنەی ماددەی 140 داواکارییەکی ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ کردووە، بە ھیچ شێوەیەک کار بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی بەناو سەرکردایەتیی شۆڕشی سەردەمی بەعس و ئەنجومەنی بەناو کاروباری باکوور نەکرێت.''

دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ھەروەھا داوا کراوە ڕێگە نەدرێت خاوەن گرێبەستی ھەڵوەشاوە بگەڕێنەوە سەر ئەو زەوییانە و داوکارییەکە بە نووسراوی فەرمیی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە، ئەوەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی عەرەبی ھاوردە و زەوتکردنی زەویوزاری کورد.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار