جەواد فەیلی: تا کورد ماوە شانازی بە شەھید لەیلا قاسم دەکات
__2023_05_11_h15m40s27__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- ئەمساڵ یادی شەھیدکردنی لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بەرز ڕادەگیرێت و کەسایەتییەکی کوردی فەیلیش دەڵێ تا کورد ماوە شانازی بە شەھید لەیلا قاسمی بەناحەق شەھیدکراو دەکات و یەکەم ژنە لەسەر ئاستی ناوچەکە لەسەر ھەڵوێستی سیاسی لەسێدارە دراوە.
ڕۆڕی 12ی گوڵانی ساڵی 1974 ڕژێمی ئەوکاتی عێراق لەسەر ھەڵوێستی سیاسی، لەیلا قاسم و چوار ھاوڕێی دیکەی لە سێدارە دا و لەو ڕۆژەوە ساڵانە یادی شەھید لەیلا قاسم دەکرێتەوە و کورد پێی وایە بە ناحەق شەھید کرا.
جەواد فەیلی، کەسایەتیی کوردی فەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەیلا قاسم لە خێزانێکی کوردپەروەری کوردی فەیلیی خانەقینە و قوتابی بووە لە شاری بەغدا، ھاوکات یەکێک بووە لە ئەندامە دیار و دڵسۆزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، ھەر ئەوەیش وای کرد حکوومەتی ئەوکاتی عێراق شەھید لەیلا قاسم بخاتە ژێر چاودێری و دواتر تۆمەتێکیان بۆ دروست کرد لەگەل ژمارەیەک ھاوڕێی دەستگیر کران.
ئەو کەسایەتییەی فەیلی دەڵێ: "لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی ڕۆڕی 12/5/1974 لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراقەوە بە ناحەق شەھید کران و سزای سێدارەیان لەسەر جێبەجێ کرا، ئەوکات دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروست کرد، چونکە یەکەم ئافرەتە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە لەسەر ھەڵوێستی سیاسی لەسێدارە بدرێن، ئێمە ئافرەتی دیکەی شۆڕشگێڕمان زۆرە، بەڵام ئەوەی بەفەرمی لەسێدارە درابێت لەسەر کوردایەتی و سیاسەت، لەیلا قاسم بووە.
جەواد فەیلی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ساڵانە یادی شەھید لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی دەکرێتەوە، چونکە بووەتە ڕەمزی بەرخۆدان و خۆڕاگریی ئافرەتی نموونەی کورد، کورد تا ماوە شانازی بەو قارەمانەی خۆیەوە دەکات، بەتایبەتی ئێمەی کوردانی فەیلی سەربەرزین، لەیلا گیانی خۆی کردە قوربانیی کوردایەتی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر.''
قائید میرۆ




