٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاشنا بابان: کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانیی بارزانی تایبەتمەندییەکی دیپلۆماسی و سیاسی لەخۆ دەگرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانیی بارزانی تایبەتمەندیەکی دیپلۆماسی و سیاسی لەخۆ دەگرێت و دەشڵێت، ئاماژەیەکە بۆ پیرۆزیی شۆڕش و ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆیان دروست کردوە.

ئاشنا بابان، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "گرنگیی کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی پەیامێکی سیاسی-دیپلۆماسییە بۆ جیھان و ناوچەکە، لە ڕێگەی خستنەڕووی مێژووی دوێنی و ئەمڕۆی کورد و کوردستان، بەتایبەت پاش ١٠٠ ساڵ لە قۆناغی جیاواز لە شۆڕشی بەردەوامی میللەتی کورد شکستھێنانی ھەوڵی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکان بۆ نەھێشتنی نەتەوەی کورد و ڕیگرتن لە سەربەخۆبوون و بێدەنگکردنی دەنگی ئازادی نەتەوەی کورد و لەناوچوونی شۆڕشی کورد و سەرکوتکردنی ھەموو سەرھەڵدانیکی بزووتنەوەی شۆڕشخوازی نەتەوەی کورد، لەم ڕۆژدا کە مۆزەخانەیەکی نیشتمانی بۆ نیشاندان و خستنەڕووی مێژووی کورد و شۆڕش و کەرەسە و کاڵا کوردییەکان کە بۆ سەرجەم میوان و بەشدارەکان نیشان دراوە کە لە دەیان کەسایەتی و بەرپرسە ناوخۆی و جیھانییەکان لە کونسوڵ و نوێنەر و کەسایەتییەکانی وڵاتان خراوەتە ڕوو، ئاماژەیەکە بۆ پیرۆزیی شۆڕش و ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆیان دروست کردووە، بەتایبەت نیشاندانی بە ھەمووان کە ڕۆژانێک بوو کورد تەنھا چیاکان پشت و پەناگەمان بوون، بەڵام ئەوە ئەمڕۆیە جیھان لە ڕێگەی نوینەر و دیپلوماتکارەکانیانەوە لە کوردستان بە تاجە گوڵینە و لە یادگەی بارزانیی نەمر لەسەر مەزاری نەمرانی بارزانی بەشداری دەکەن.''

ئەو شارەزایەی پەیوەندیی نێودەوڵەتی دەشڵێت: "مۆزەخانەی نیشتمانی کە ئاماژەیە بۆ ئازارەکانی میللەتی کورد، نیشاندانی خەباتی میللەتی کورد و بارودۆخی کوردستانی ئەمڕۆ و گرنگیی ڕۆڵی کورد لە ناوچە کە لە ڕووی ئارامی و بەشداریی پیشمەرگە دژ بە جەنگی داعش و لەدەستدانی کۆمەڵێک شەھید لەپێناو ئارامیی ناوچەکە و جیھانیش، کورد بە فیداکارییەکی نموونەیی نیشانی ھەموو جیهان درا و ناسرا، جگە لە نموونەی پیکەوەژیانی نەتەوە و دین و بیروبۆچوونە جیاوازەکان لە کوردستان وەک لانەیەکی ئارام باوەشی بۆ ھەمووان کردووەتەوە. ئەو مۆزەخانەیە نیشاندانی مێژووی شۆڕشی میللەتی کوردە کە بەتایبەت ناوچەی بارزان کە بۆ ١٦ جار تووشی ھێرشە بەردەوامەکان بووەتەوە لەلایەن ڕژێمەکانی پێشوو ھەر لە ئەنفالکردن و کوشتن و بڕین و ڕاگواستن گرتن و لەناوبردنی کورد و بارزانییەکان کە هەشت ھەزار بارزانی ئەنفال کرا لە ئاسمان و زەوی ھێرشیان کرایە سەر بە شێوەیەکی دڕندانە ھەوڵ درا کورد و بەتایبەتی بارزانییەکان و نەتەوەی کورد لەناو بەرن. بەڵام ئەمڕۆ شایەتی بارزان سەلماندی و نیشانی ھەموو سەرکردەوە و نوینەرەکان جیھانی دا لە رێگەی نمایشی ئەو بابەتانەی مۆزەخانەوە لە نزیکەوە ئاشنای ئەو مێژووەی دوێنێ و ئەو دەستکەوتەی ئەمڕۆی کورد بن کە بە خوێنی شەھیدان و کۆڵنەدانی کورد بەدەست ھاتووە و ئامانجی ئەو بەرخودانەی میللەتی کورد بوو.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار