محەمەد شیاع سوودانی: سڵاو لە ڕۆڵی بەڕێز سەرۆك بارزانی دەكەم

ههولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/5/2023 ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی و بە ئامادەبوونی سەرکۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تێیدا سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ وتارێکی پێشکەش کرد.
دەقی وتاری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز
سڵاوی خواتان لێ بێت
ئەمڕۆ لێرەدا وەستاوین لەسەر زەوییەك كە مێژووی گەلی كوردستانی بینیوە، مێژوویەك كە ڕووبەڕووی ستەم بووەتەوە بە درێژایی زەمان، كۆمەڵێك قوربانی داوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیكتاتۆریەتدا، بۆ ئەوەی لاپەڕەیەكی گەورە و مێژوویی بنووسێت لە هەوڵەكانی گەلی كورد بەتایبەتی و گەلی عێراقیش بەگشتی.
هەرێمی كوردستان قوربانیدانی كورد و عەرەب و لایەنە عێراقییەكانی دیكەشی بە گشتی بە خۆیەوە بینیوە، كاتێك جووڵەی نیشتمانیی كوردی بە هەموو ناوەكانییەوە ڕووبەڕووی دیكتاتۆریەت و ستەم و بەعس و سەدام حوسێن و تاوانەكانی بووەتەوە، ئەوەی چەسپاند كە عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە گەلێكە رازی نابێت بە زەلیلبوون، ستەم و سەرەڕۆیی قەبووڵ ناكات، گەلی كورد لەگەڵ براكانیان لە لایەنەكانی دیكەی عێراق لەم شاخە سەربەرزانەوە بۆ ماوەی چەندین دەیە لە سەدەكانی رابردوودا ڕووبەڕووی ستەم بوونەوە بۆ ئەوەی سەركەوتنی مێژوویی بەدەست بهێنن. قوربانییەكانی ئێمە تازە نین، بەڵكوو لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا لەسەر ئاستی چەندین مەزهەب و نەوەی عێراقی هەبوون.
یەكێك لەم پیاوانەی كە ئەمڕۆ لاپەڕەیەكی نوێ بەناوی گەورەییەوە دەكەینەوە، ئەویش سەركردەیەكی نیشتمانی و مێژووییە كە بەڕێز مەلا مستەفای بارزانی، سەركردەی نەمر، هەروەها ژیانی پڕ بەخشندەیی بۆ دۆسیەی كورد كە بووە دۆسیەیەكی عێراقی و ڕزگاربوونی لە دەستی ستەم و زوڵم.
ئەمڕۆ یادی ئەم مۆزەخانەیە و ئەو پیاوە گەورەیە، وەفایەكە بۆ ئەو پیاوەی لە ژیانیدا چی پێشكەش كردووین. ئەو قوربانییانەی ئەو بەشدارییان كردووە لە سەركەوتنی عێراق بەسەر ستەم و داگیركاری، هەروەها بەشداریكردووە لە دیاریكردنی چارەنووسی گەلی عێراق، پێویستە ئێمە لەسەرمان ئەم وێنە گشتگیرە بۆ نەوەكانی داهاتوو بگوازینەوە، وێنەی پیاوە بەخشندەكان و هەڵوێستە بنەماییە چەسپێندراوەكانیان.
بەڕێزان و خانمان
گەلی كوردی ئێمە، كۆمەڵێك شەهیدی داوە و گەلی عێراقیش كۆمەڵێك شەهیدی داوە بۆ ئەوەی وڵاتێك بونیادبنێن كە ئازادی و دادپەروەری تێیدا گەشە بكات و هاونیشتمانی بە شەرەف و سەربەرزییەوە تێیدا بژین. ئەوان ڕۆحی بەرزەفڕی خۆیان لەم پێناوەدا داوە، ئەمە بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە لەسەر ئێمە و هەموو عێراقییەكان، بۆ ئەوەی هەموو عێراق لە ئازادی و سەلامەتیدا بژیەنین. ئێمە بەرپرسیارێتی قەبووڵ دەكەین و لەگەڵ ئەو شەهیدانە ڕاستگۆ دەبین، ئەو پەیامەی بۆ ئێمەیان گواستۆتەوە، دەیگوازینەوە بۆ ئەوەی كە خۆشگوزەرانی بەرەوپێشەوە ببەین، جیاوازی لە نێوان ئێستا و رابردوو دروست بكەین. دەوڵەتێك دروست بكەین كە حكوومەتێكی هەبێت خزمەتگوزاری هەموو هاووڵاتیان بێت.
داواكارین لە خوای گەورە، رەزامەندیمان لەسەر بدات و ببێتە مایەی رەزامەندیی براكانمان لە هەرێمی كوردستانیش، چونكە رەزامەندیی گەل لە هیچەوە نایەت بەڵكوو شتێكی گەورە و بەرپرسیارێتیی گەورەیە. ئەوان هیچ لە ئێمە چاوەڕێ ناكەن جگە لە دروستكردن و بنیادنان، ئەم واجبە وامان لێ دەكات بە ئاراستەی هەموو عێراق، باوەش بە هەرێمی كوردستانیشدا بكەین.
ئێمە پێشینەی كارەكانی حكوومەتمان لە سەرەتای دروستكردنی كابینەكە داناوە، بەرنامەیەكمان داناوە كە قسەكانمان بكەین بە كردار و بەردەوام بین لە چارەسەركردنی ئەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە هاووڵاتییانەوە هەیە. بە ڕژدی كار دەكەین هیچ هەلێك بۆ بەرەوپێشچوون لەدەست نەدەین.
ئەمڕۆ لێرەوە سڵاو لە ڕۆڵی بەڕێز سەرۆك بارزانی دەكەم كە بووە بە درێژەپێدەری قوربانیدانەكانی مەلا مستەفای بارزانی، ئێمە بڕوامان وایە كە ڕۆڵێكی گەورە و گرنگی هەبێت لە دروستكردندا و پاڵپشتێكی گەورە دەبێت لە پرۆسەی سیاسی و عێراقی نوێ.
سڵاو و ڕێز بۆ هەموو شەهیدەكانی جووڵانەوەی كورد و عێراق بە هەموو شێوەیەك. رەحمەت لە هەموو پیاوە عێراقییەكان و پیاوە نیشتمانییەكانیش.




