ھەرێم و بەغدا لەبارەی دانپێدانانی زانکۆکان لیژنەی ھاوبەش پێک دێنن

بەرێرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێڕینەوەی زانستی ئاشکرای کرد، بڕیارە لیژنەی ھاوبەش لە نێوان خوێندنی باڵای ھەرێم و بەغدا دروست بکرێت بۆ چاسەرکردنی کێشەی دانپێدانانی زانکۆکان.
د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "زۆربەی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانانیان بۆ کراوە، بەڵام ھەندێ بەشی پزیشکی و کۆلئژی زانستی ھەن لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دانپێدانانی نییە، بۆ نموونە ھەندێ پێوەر ھەیە بەغدا داوای کردووە وەک ھەبوونی نەخۆشخانەی فێرکاری بۆ بەشە پزیشکییەکان."
بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت: "ئێمەش وەک ھەرێمی کوردستان بەھۆی نەبوونی ھەندێ پێوەرەوە دان بە ھەندێ زانکۆی ناوچە کوردستانییەکاندا نانێین."
د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوو کۆبوونەوە لە نێوان ھەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم و فیدراڵ ئەنجام دراون و داوامان کردووە لیژنەیەکی ھاوبەش دروست بکرێت و سەردانی زانکۆکان بکات ئەگەر پێوەری زانستی جێبەجێ بکرێن ئەوە کێشەکانیان چارەسەر بکرێت."
قائید میرۆ




