لیوا عەبدولخالق تەلعەت: رێگەپێدراو نابێ سوپای عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ھێرش بکەنە سەر کورد

نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە فەرماندەییی ھێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، ڕێگە نادرێت سوپای عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ھێرش بکەنە سەر کورد و ھێزی پۆلیس لەجیاتی سوپا دەچێتە ئەو ناوچانەی کێشەیان ھەیە.
لیوا عەبدولخالق تەلعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە فەرماندەییی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەو ڕووداوەی پێشتر لە گوندی پەلکانەی سەرگەڕان رووی دا بەو شێوەیە نەبوو، گەیاندیان بەو ڕادەیە، سوپای عێراقیش کاری ئەوە نییە بەشداری لەو جورە ڕووداوانە بکات و ئێمە پەیوەندیمان بە ھێزە عێراقییەکانەوە کردووە لەسەر دەستوەردان لە کێشەی نێوان جووتیارانی ناوچەکە، بڕیار دراوە پۆلیس لەو ناوچانە جێگیر بکرێت و ئەگەر کێشەیەک ھەبێت پێویستە پەیوەندی بە ھێزەکانی پۆلیسەوە بکرێت نەک ھێزەکانی سوێای عێراق.
لیوا عەبدولخالق تەلعەت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لەلایەن ھەندێ کەسەوە کێشەی پەلکانە گەورە کراوە و بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت سوپای عێراق لەو ناوچانە ھێرش یا ستەم لە ھاووڵاتیانی کورد بکات، ئەگەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەبێت، یان لەسەر زەویوزار کێشە و ناکۆکی ھەبێت لە رێگەی پۆلیسەوە ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن.
قائید میرۆ




