ڕێگای کۆمەڵێک گوندی هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش نۆژەن دەکرێنەوە

ئاکرێ -KDP.info- پارێزگاری دهۆک لەسەر سێ پڕۆژە بە گوژمەی سێ ملیار دینار ڕەزامەندیی داوە کە دوو لەو پڕۆژانە نۆژەنکردنەوەی ڕێگای کۆمەڵێک گوندن لە هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش. بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ئاکرێش دەڵێت، تەنها ماوە بدرێتە کۆمپانیا و گرێبەست بکرێت و دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بکرێت.
بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ئاکرێ، ئەندازیار موحسن ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پارێزگاری دهۆک ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی سێ پڕۆژە داوە بە گوژمەی سێ ملیار دینار کە دوو لەو پڕۆژانە پەیوەندیی بە نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵێک ڕێگاوە هەیە لە سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش.''
ئەندازیار موحسن ئەحمەد گوتیشی: ''جگە لەو پڕۆژەیە کە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، دوو پڕۆژەی دیکە لە بواری ڕێگاوبان بۆ ئێمە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە، ئەوانیش نۆژەنکردنەوەی ڕێگای گوندی گوندک بە درێژایی حەوت کیلۆمەتر و نۆژەنکردنەوەی ڕێگای گوندی شەرمن بە درێژایی هەشت کیلۆمەتر و نۆژەنکردنەوەی ڕێگای گوندی شوش بە درێژایی سێ و نیو کیلۆمەتر لە قەزای ئاکرێ.''
ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: ''پڕۆژەیەکی دیکەش ڕەزامەندیی لەسەر دراوە نۆژەنکردنەوەی ڕێگای جوجەر مەزن بە درێژاییی 1.2 کم دەبێت و نۆژەنکردنەوەی ڕێگای گوندی تۆپزاوە بە درێژایی 1.25 کم لە ناحیەی ڕوڤیای قەزای بەردەڕەش.''
گوتیشی: ''ئێستا هەموو ڕێکارەکان تەواو بوون و تەنها ماوە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بکرێت و پێی بدرێت و دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکان بکرێت.''
پرۆژەی سێیەمیش کە پارێزگاری دهۆک لە چوارچێوەی هەرسێ پڕۆژکەدا ڕەزامەندیی لەسەر داوە، لەوانە دابینکردنی خواردنی ئامادە بۆ کارمەند و منداڵانی خانەی چاودێریی کوران و کچان و کارمەند و منداڵانی ئافرەتانی سەنتەری نەوا و کارمەند و منداڵانی داینگەی پشکوژێنی کوردستانی حکوومی و داینگەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی پاراستنی جڤاکی نیمچەحکوومی و هەموو کارمەند و سوودمەندی خانەی بەساڵاچووان.''
بڵند ئیبراهیم




