٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەمەودوا هەموو جۆرێکی بەرهەمەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کۆگا دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆری کۆگای هەڵگرتنی بەرهەمی جووتیاران دروست کراون و دەتواندرێت ئەو بەرهەمانە ساخیش نەبنەوە لەو کۆگایانە هەڵبگرن و لە کاتی پێویست ساخ بکرێنەوە، ئەمەش یەکێکە لە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''یەکێک لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە گرنگیی زۆر بە بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران بدرێت، لەوانەش گرنگتر ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیانە، بۆیە ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک لە هەموو ناوچەکان کۆگای هەڵگرتنی بەرهەمی ناوخۆ دروست کراوە، کە زیاتر لە 100 کۆگا دەبێت و توانای هەڵگرتنی 500 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵیان هەیە، لەوەش حکوومەت زەیوی بۆ تەرخان کردوون و ئاسانکاریی بۆ کردوون و خۆیشیان کۆگاکانیان دروست کردووە.''

ئەحمەد جەمیل گوتیشی: ''ئێستا ئێمە بە جۆرێک گرنگیمان بە کشتوکاڵ داوە بەرهەمی جووتیاران وەکوو پێشووتر بە زەرەر ناڕوات و ئەگەر ساخ نەبێتەوە هەڵدەگیرێت، بۆیە لە ڕووی دروستکردنی کۆگاوە ئێمە لەسەر ئاستی عێراق یەکەمین و بەردەوامیش کۆگای نوێ دروست دەکرێن و پێشتر تەنها بۆ چەند بەرهەمێکی دیاریکراو بوو، بەڵام ئەمساڵ توانای هەڵگرتنی بەرهەمی میوەشمان دەبێت.''

ڕوونیشی کردەوە: ''جگە لەوە، ئێستا چەندین کارگەی جۆراوجۆر لە واری جێبەجێکردندان و بەشێکیان ئەمساڵ تەواو دەبن و دەتوانرێت لەو کارگانە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ساخ بکرێتەوە.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار