٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆماری چیک پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- کونسوڵی گشتیی کۆماری چیک، کارێل کۆرتانێک، سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازیی لێ کرا و پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک باسی لێ کرا.

لە دیدارەکەدا سیوەیلی جەختی لە گرنگی و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کردەوە بۆ تەواوی بوارەکان و کۆرتانێکیش ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە گرنگییەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و لە هەوڵی فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و ئەکادیمی و کولتووری و بازرگانییەکاندایە تاکوو بتوانین سوود بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو میللەت بگەیەنین.

باردۆخی سیاسیی ناوچەکە بەشێکی دیکەی گفتوگۆی نیوان بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی و کونسوڵی گشتیی چیک بوو. بەرپرسی پەیوەندییەکان ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و زەرووریەتی ئەو قۆناغە بۆ پێکەوەکارکردن و زاڵبوون بەسەر ئەو ئاریشە و مەترسییانەی ڕووبەڕووی گەلان و دەوڵەتی عێراق دەبێتەوە، باس کرد.

هۆشیار سیوەیلی ئەوەشی خستە ڕوو کە پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵ لە ئەنجامی لێکتێگەیشتنێکی گشتگیر و ڕێککەوتن بووە و ئێمە پێوەی پابەند دەبین و هیواخوازین لایەنەکانی دیکەش وا بن.

باردۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو. هۆشیار سیوەیلی بڕیار و بۆچوونی جەنابی سەرۆک بارزانیی دووپات کردەوە کە بەرژەوەندی و پێگەی هەرێمی کوردستان لە سەرووی بەرژەوەندیی هەموو حزب و کەسەکانەوەیە و پێویستە پارتە سیاسییەکان پابەندی بنەما دیموکراسییەکان بن، تاکوو بتوانین خزمەتی زیاتر بە گەلی کوردستان بکەین و ئێمە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەین بۆ ڕێککەوتن و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان.

کارێڵ کۆرتانێک کونسوڵی گشتیی چیک باسی لە کار و چالاکییەکانی خۆی کرد و سوپاسی گەلی کوردستانی کرد بۆ ئەو کرانەوە و باوەشکردنەوە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە سێکتەری بارزگانی و کشتوکاڵ و باسی لە شاندی باڵای حکوومەتی هەرێم کرد بۆ وڵاتەکەی کە ئامانج لێی سوودوەرگرتنە لە ئەزموون و ڕێگەخۆشکردنە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

هەواڵی پەیوەندیدار