پێشهوا بارزان: پێویسته بەڕێوەبەرایهتیی جیاجیامان بۆ ڕووباره سهرهكییهكانی كوردستان ههبێت

ههولێر -KDP.info- پسپۆڕێكی بواری ئهندازیاریی سهرچاوهكانی ئاو له بەڕێوەبەرایهتیی گشتیی سهرچاوهكانی ئاوی ههرێمی كوردستان پێی وایه، پێویسته ئاوی دیجله بهباشی كۆنترۆڵ بكهین و تایبهتمهندیی ئاوزێلی ڕووباری دیجله و لقهكانی وهك ڕووبارهكانی خاپوور، زێی گەورە، زێی بچووك، ئاوەسپی و سیروان لهبهرچاو بگرین و بۆ باشتر ئیدارهدانیان بەڕێوەبەرایهتی و هێزی مرۆیی تایبهت به خۆیان بۆ دابین بكهین.
پێشەوا بارزان، ماستەر لە ئەندازیاریی سەرچاوەکانی ئاو له بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو، له لێدوانێكی تایبهتدا بە ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگهیاند: "دەگوترێت ئاو سەرچاوەی ژیانە، بەڵام ئەو سەرچاوەیەی بۆ مانەوەی ڕەوتی ژیان دانراوە ئێستا بە ڕێژەیەكی زۆر لەژێر هەڕەشەی كەمبوونەوەدایە، بێگومان كوردستانیش وەك بەشێك لە دنیا بەدەر نییە لەم هەڕەشەی كەمبوونەوەیەی سەرچاوەكانی ئاو، بۆیە پێویستە ڕێگر بین لەبەردەم ئەم وشكەساڵییە سەرانسەرییە، لێرەدا گرنگە میكانیزم و ڕێی دروست بگیرێنە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە جیهانییە و بەدەستهێنانی ئاسایشی ئاو، بەتایبەت لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە بەشی زۆری ناوچەكانی دنیا گۆڕانێكی زۆر لە كەشوهەوا (بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و كەمبوون و گۆڕانی جۆری دابارین، كەمبوونی ڕێژەی بارانی بە نمە و زیادبوونی ڕێژەی بارانی بە لێزمە)دا ڕووی داوە، لە ئەنجامدا بە ڕێژەی بەرچاو وشكەساڵی زیادی كردووە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین كە هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەو ناوچەیە، بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاستەنگانە، پێویستە میكانیزمی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو بە شێوەیەكی زانستی و ئەندازیاری دابنرێت، پلانەكانی بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو لەسەر ئاستی ئاوزێلە سەرەكی و لاوەكییەكانی ڕووبارەكانی هەرێمی كوردستان دابڕێژرێن، چونكە ئەم شێوە بەڕێوەبردنە بە یەكێك لە گونجاوترین و لەبارترین شێوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو دادەنرێت، كە لەگەڵ سیاسەتی گەشەپێدانی ئابووری و گەشەپێدانی گشت سەرچاوە سروشتییەكان لە هەرێمدا دەگونجێت.''
پێشهوا بارزان ههروهها سهبارهت به تایبهتمهندیی ئاوزێلی ڕووبارهكان گوتیشی: ئاوزێلی ڕووبارەكان ڕووبەڕووی ئەو زەوییانەیە كە ئاوی دابارینی دۆڵ و شیوەكان كۆ دەكاتەوە و دەیڕژێنێتە ناو لقی ڕووبارەكان و ڕووباری سەرەكی و پێی دەگوترێت ئاوی سەرزەوی (surface water)، یان دەچێتە ناخی زەوی و پێی دەگوترێت ئاوی ژێرزەوی (Ground water)، ئاوزێلی ڕووبارەكان یەكەیەكی سروشتییە و لەبارترە لە یەكەكانی تر، بۆ باسكردنی سامانی ئاو لە ڕووی چەندیەتی و چۆنیەتی و بەكارهێنانی سامانە ئاوییەكەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان، وەك لافاو و وشكەساڵی و داڕشتنی پلانی بەرپەرچدانەوەیان، ئاوزێلی ڕووبارەكان ئاو بۆ ئاودێری و كشتوكاڵ و ئاوی خواردنەوە و پێداویستی ڕۆژانە، پیشەسازی، بەرهەمهێنانی كارەبا، هەروەها كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی تری گەشتیاری و ژینگەیی دابین دەكەن.''
پێشهوا بارزان سهبارهت به تایبهتمهندی و ئاوزێلی ڕووبارهكانی ههرێمی كوردستانیش گوتی: "هەرێمی كوردستان بەسەر شهش ئاوزێلی ڕووباری سەرەكیدا دابەش بووە كە بریتین لە ئاوزێلی ڕووباری دیجلە لەگەڵ هەر پێنج لقەكانی ڕووباری دیجلە كە لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندان و بریتین لە ڕووباری خاپوور، زێی گەورە، زێی بچووك، ئاوەسپی (عوزێم) و سیروان (دیالە) و، لەبەر جیاوازیی گەورە لە نێوان داهاتی سەرچاوەکانی ئاو و تایبەتمەندیی سروشتی و مرۆییەكانی ئاوزێلی ڕووبارەكانی هەرێمی كوردستان، بەباش دەزانرێت بۆ هەر ئاوزێلێك بەجیا بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەکانی ئاو هەبێت و داهاتی ئاو و تایبەتمەندیی سروشتی و مرۆییەكانیان دیاری بكرێت، زۆر گرنگە ئەو داهاتەی كە لە ئاوزێلی ڕووبارەكان ساڵانە لە ڕێی بارانەوە وەك داهات دەستمان دەكەوێت بە شێوەیەكی زانستییانە و سەردەمییانە بەڕێوە ببرێن و كۆ بكرێنەوە و لە کاتی کەمئاویدا سوودیان لێ وەربگیرێت.''
سهلاح جهلال




