وردەکاریی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای بالیسان

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر گوتی، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا نۆژەنکردنەوەی ڕێگای بالیسان ڕاگیرابوو، دووبارە بە شێوەیەکی زۆر باش دەست بە نۆژەنکردنەوەی دەکرێت کە توانای ئەوەی هەبێت باری قورسیش بەسەریدا بچێت و بەرگە بگرێت.
عیماد محەمەد، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو دەست بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگای بالیسان کراوە بەهۆی نەبوونی سیولە کارەکە بۆ ماوەیەکی کاتی وەستا و بڕیارە دەست پێ بکەینەوە و چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو دەست بەکار بکەینەوە.''
عیماد محەمەد گوتیشی: ''ئەو ڕێگایە 22کم دەبێت و10کم لەو ڕێگایە دەست بە نۆژەنکردنی کراوە و بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک نۆژەن دەکرێتەوە، چونکە ئەوکات بەهۆی کەشوهەوا و نەبوونی سیۆلەوە کارەکان وەستا.''
محەمەد ڕوونیشی کردەوە: ''خۆی بە دوو قۆناغ نۆژەن دەکرێتەوە، بۆ هەر قۆناغێکی زیاتر لە سێ ملیار و600 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، بۆیە بە چاککردنەوەی ئەو ڕێگایە گرفتەکان نامینێن و بە جۆرێک نۆژەن دەکرێتەوە کە بەرگەی باری قورسیش بکرێت و ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگرەکان بەو ڕێگایە هاتوچۆ دەکەن، بۆیە نۆژەنکردنەوەکەی زۆر گرنگە.''
بڵند ئیبراهیم




