٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدوڵڵا ئاکرەیی: کردنەوەی ھێڵی نێوان ھەرێم و ناوچەی کیش لەسەر ئێران ماوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران ئاشکرای کرد، جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەرێم و ئێران لە ئاستێکی باشدایە و کردنەوەی ھێڵی ئاسمانیی ھەولێر-کیش ماوەتەوە سەر لایەنی ئێران.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەیوەندیی باش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ھەیە و لە ھەموو دەروازە سنوورییەکان جووڵەیەکی باشی بازرگانی ھەیە، ھاتوچۆی بازرگانی بە شێوەیەکی زۆر بەڕێوە دەچێت، بەڵام زیاتر کاڵا لە ئێرانەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و لێرە زۆر کەم بەرھەم ڕەوانەی ئێران دەکرێت.''

بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران دەشڵێت: "بڕیار بوو پێشتر ھێڵی ئاسمانیی نێوان ھەولێر و کرماشان و کیش بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە نەچووەتە واری جێبەجێکردن.''

عەبدوڵڵا ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ کردنەوەی ھێڵی ئاسمانیی ھەولێر کیش، چونکە ئێمە ئامادەین بۆ کردنەوەی ھەموو ھێڵێکی ئاسمانی و خەڵکی ئێمە سوودمەند دەبێت، بەڵام کردنەوەی ئەو ھێڵە لەسەر پێشنیاری ئێران بووە و دەبێت ئەوان ئامادەکاری بکەن بۆ کردنەوەی ھێڵی ھەولێر-کیش.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار