گرفتی دواکەوتنی مووچەی 750 کەس چارەسەر دەکرێت

ئاکرێ-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی باڵای سەرپەرشتیکردنی کاری پاککردنەوەی ھەر سێ قەزای ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەش گوتی، دوای ئەوەی ماوەی پێنج مانگە کارمەندانی کۆمپانیای پاککردنەوە گرفتی دواکەوتنی مووچەیان ھەبوو، لە ئێستادا گرفتەکە چارەسەر کراوە و گرێبەستیان بۆ نوێدەکرێتەوە و لەمەودوا مووچەیان لەوادەی خۆیدا دابەش دەکرێت کە ژمارەیان 750 کارمەندە.
بڵند رەزا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆمپانیای ئێم ئار ئێف گرێبەستی لەگەڵ حکوومەت ھەبوو کە ئەرکی پاککردنەوەی ھەر سێ قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و شێخانی لەئەستۆ بوو، لە ھەر سێ قەزا 750 کارمەندی ھەیە و لە کۆتایی ساڵی رابردوو گرێبەستەکەیان بەکۆتا ھاتووە، بۆیە لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو تائێستا کۆمپانیا پارەیان وەرنەگرتووە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی کێشە لەنێوان کۆمپانیای ئێم ئار ئێف و کۆمپانیای تۆڤی ھەبوو، کە کۆمپانیای تۆڤی سازشی بۆ کۆمپانیای ئێم ئار ئێف نەدەکرد بۆ ئەوەی بتوانن گرێبەستەکەیان لەگەڵ حکوومەت نوێ بکەنەوە، بۆیە ئێستا ئەو کۆمپانیایە سازشی کردووە لەپشکی خۆی و رێککەوتن کراوە".
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات: "گرێبەستەکە بۆ نوێکردنەوە ڕەوانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئەوەی گرێبەستەکە نوێ بکرێتەوە ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت، چونکە لەو کارە 70%ی پشکی کۆمپانیای تۆڤی بووە، ھەروەھا 30%ی پشکەکان بۆ کۆمپانیای ئێم ئار ئێف بووە، بەڵام وەکو کارکردن ھەر کۆمپانیای ئێم ئار ئێف کاری دەکرد، بۆیە کێشەکە کۆتایی ھاتووە و گرێبەستەکە نوێ دەکرێتەوە".
بڵند رەزا گوتیشی: "بەھۆی دواکەوتنی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە مووچەی کارمەندانی ئەرکی پاککردنەوەی ئەو سێ قەزایەیان لەئەستۆیە دوادەکەوت و تائێستا لەکۆی پێنج مانگ کۆمپانیا خۆی سێ مووچەی پێداون و تا ئێستا دوو مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە کە گرێبەستەکە نوێ بکرێتەوە لەمەودوا ئەو کارمەندانە مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن، کەژمارەیان 750 کارمەندە و گرفتی دواکەوتنی مووچە کۆتایی دێت".
بڵند ئیبراھیم




