٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پارتی پێداگرە لەسەر ھەڵبژاردن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەوروبەری هەولێر گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو پاراستنی سومعەی هەرێمی کوردستان و ئەو پێکەوەژیانەی هەیە، سوورە لەسەر ئەوەی ئەمساڵ لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت و سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتیش هەمیشە جەخت لەسەر یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد دەکەنەوە.

کرمانج عەبدوڵڵا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەنجامدانی هەڵبژاردن مافێکی ڕەوای خەڵکی هەرێمی کوردستانە و ئەگەر دەستوورمان هەبووایە لەوێ جێگیر دەکرا و ئەوە مافێکی ڕەوایە، بۆیە مافی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە بیر لەوە بکاتەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا بخرێت، چونکە ئەوە مافێکی گشتییە، بۆیە پارتی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت بۆ پاراستنی سومعەی کوردستان و بۆ ئەو دۆخەی دیموکراسییەی کورد شانازیی پێوە دەکات، بۆیە پێویستە لە کاتی خۆیدا بکرێت و ڕێگە نەدرێت هیچ حزبێک ببێتە هۆکاری دواخستنی.''

کرمانج عەبدوڵڵا گوتیشی: ''پێویستە کورد یەکڕیزی و یەک هەڵوێست بێت بۆ ئەوەی سومعەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و نەبێتە هۆکارێک بۆ ناشرینکردنی سومعەی هەرێمی کوردستان و ناشیرینکردنی هەرێمی کوردستان و ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە.''

عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە: ''زۆر گرنگە هەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەوەی هەر کێشەیەک لە حوکمڕانیش هەبێت چارەسەر بکرێت و یەکڕیزیی میللەتی خۆمان بپارێزین، بۆیە هیوادارین کە ئەمساڵ هەڵبژاردن دەکرێت ببێتە هۆکاری پاراستنی یەکڕیزی و تەواوی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و ئومێد دەکەین ئەو ساردییەش لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا چارەسەر بێت و بێ گومان پێویستە هەریەک لە ئێمە قەبارەی خۆمان بزانین و گەل کێی دەوێت و ئەوەی دەرچوو پیرۆزباییی لێ دەکەین و ئەوەی دەنگی کەمیشی هێنا بە دڵێکی فراوان وەریبگرێت، ئەمە باشترین وەفایە بۆ نیشتمان و بۆ خەباتی میللەتی خۆمان.''

گوتیشی: ''سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانای بووە بۆ یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی و ئەهوەنکردنەوەی کێشەکان کردوویەتی و یەکێکە لە داواکارییە بەردەوامەکانی سەرۆکی بارزانی، هەروەها یەکێکە لەو داواکارییانەی سەرۆکی حکوومەت جەختی لەسەر دەکاتەوە و ئێمە لەگەڵ پاراستنی یەکڕیزی و ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستانین و پەیوەندییەکی نۆرماڵی نێوان لایەنەکان و لەگەڵ جیاوازیی بۆچوونەکان کە ئەوەش ئاساییە و پێویستە ئەوانە هۆکارێک بن بۆ بەهێزبوونی هەستی نەتەوایەتی و یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان و نابین بە هۆکارێک بۆ لێکترازان و پێویستە هەموو هێزەکان بەو جۆرە بیر بکەنەوە کە ئەوە خزمەت بە هەموو خەڵکی کوردستان دەکات.''

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار