٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتارێکی پارتی: کات درەنگە و پێویستە ڕێککەوتن بکرێت بۆ ھەڵبژاردن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە بەستەلەکی نێوان پارتی و یەکێتی بەرەو توانەوە دەچێت و پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە کۆبوونەوە بکەن. دەشڵێت، کات درەنگە و پێویستە لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن.

خەدیجە عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕەوشەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت لە نێوان پارتی و یەکێتی لەبەر ئەوەیش گەشبینین بەوەی لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە کۆبوونەوەکان بکرێتەوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پرسی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان، کەمبوونەوەی گرژییەکان وا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە ھەنگاو بنێن.''

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: "تا ئێستا ھیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە دیاری نەکراوە، بەڵام پێم وایە لای ھەردوولا نیەتێکی باش ھەیە بۆ ئەوەی کۆ ببنەوە.''

خەدیجە عومەر ڕوونیشی کردەوە: "جگە لە کۆبوونەوە و ڕێککەوتن ھیچ ڕێگەیەکی دیکە لەبەردەم لایەنەکاندا نییە، بەتایبەتی کات درەنگە و پێویستە لە ئایندەیەکی زوودا ڕێککەوتن بکرێت بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، ھەر دواکەوتنێک کاریگەریی لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن دەبێت.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار