زانکۆی هەڵەبجە لە سێیەم فێستیڤاڵدا توانای قوتابییەکانی نمایش دەکات

هەڵەبجە -KDP.info-قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆی هەڵەبجە باس لە گرنگیی فێستیڤاڵی زانکۆ دەکەن بۆ پێشاندانی توانا و داهێنانی قوتابیان و دەڵێن، هاوکارییان هەبێت لە تەوای سیکتەرەکان کاری گرنگ بۆ وڵاتەکەمان دەکەن.
ئیحسان ئەنوەر، قوتابیی کۆلیژی ئەندازیاریی شارستانیی زانکۆی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "کار دەکەین لەسەر بەهێزکردنی توانای کۆنکرێت لە بیناسازیی کوردستان، بە ڕێگا جیاوازەکان ئیشی لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی توانای زیاد بکەین بۆ ئەوەی بەرگەی ڕووداوە سروشتییەکانی وەک بوومەلەرزە بگرێت. کارەکانمان تاقی کردووەتەوە و لە پلاستیک سەرابمان لێ بەستووە لە توانای 90 تۆنەوە زیادی کردووە بۆ 94 تۆن و دەکرێ بە پاڵپشتی لە قوتابییان داهێنانی وا بکرێت کە ئەندازیارە قوتابییەکانی زانکۆکانی کوردستان ببنە هۆی بنیاتنانی یەکەی نیشتەجێبوونی وا کە مەترسیی لەسەر نەبێت.''
ئالان عەلی محەمەد، قوتابیی کۆلیژی فیزیا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ڕێگای ئاو و زەی کارەبا دروست دەکەین، پرۆژەکەمان لە ماڵێک تاقی کردەوە بۆمان دانان کە لە سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کارەبایان پێ نەدەدرا، ئێستا 12 ڤۆڵت کارەبای لێ بەرهەم دەهێنین، قوتابیانی زانکۆی ئێمە ساپۆرتی ماددییمان بکەن دەتوانین پڕۆژەی زۆر گەورە دروست بکەین، ئەم فێستیڤاڵانە بۆ پێشاندانی تواناکانمان زۆر گرنگە".
داڵیا فارووق، مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە، بەشی ئەندازیاری، لەم بارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ سێیەم فێستیڤاڵی زانکۆی هەڵەبجە بوو، بەشە زانستییەکان زیاتر بەشدار بوون و چەندان داهێنانی قوتابییان نمایش کران، قوتابیانی ئێمە پشتیوانییان هەبێت، دەتوانن داهێنانی باش بکەن ئەوەش دەبیندرێ لە بەشی ئەندازیاری بە 12 جۆر داهێنان بەشدارییان کردووە".
گوتی: "گرنگیی فێستیڤاڵەکە لەوەدایە هەر قوتابییەک لە هەر قۆناغێکی خوێندندا بتوانێت ئەو توانا و داهێنانەی هەیەتی لێرە نمایشی بکات، کارەکانی ببیندرێت و بیانخاتە ڕوو. ئەگەر پشتیوانیی قوتابیان بکرێت، دەتوانن ببینە سەرچاوەیەکی باشی مرۆیی بۆ کوردستان".
عەزیز ڕەسووڵ




