د. خەلیل غازی: ئەو ماددە و بڕگانەی زیانیان بۆ ھەرێم ھەیە، ھەموار دەکرێنەوە
_(1)__2023_05_07_h14m49s48__ER.jpg)
بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە لە پاراستنی شایستە دارایییەکانی خەڵکی ھەرێم لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و دەشڵێ، ئەو ماددانەی گومانیان لەسەرە ھەموار دەکرێنەوە.
د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ماددە و بڕگانەی نێو پڕۆژەیاسایی بودجەی عێراق کە وا باس دەکرێن گوایە دژی ھەرێمی کوردستانن ھەموار دەکرێنەوە و ھەموو ئەو ماددە و بڕگانەی لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نین وەک تێبینی لای ئێمەن و ھەموار دەکرێنەوە، واتە ھەر شتێک گومانی لەسەر بێت زیانی بۆ ھەرێم ھەیە و ڕێگە نادەین تێ پەڕێت".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەشڵێت: "ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە لەوەی شایستەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان پارێزراو دەبن لەنێو یاسای بودجەی گشتیی عێراق و مەترسییان لەسەر نییە".
لەبارەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، غازی گوتی: "ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی نەگاتە کۆتاییی مانگ بڕیار لەسەر یاسای بودجە بدرێت، بەڵام فشار ھەیە بۆ ئەوەی تا 20ی ئەم مانگە پڕۆژەیاسای بودجە بخرێتە دەنگدان و پەسەند بکرێت".
قائید میرۆ




