پێویستە لەمەودوا تا بودجە پەسەند دەکرێت بەغدا بەپێی یاسا مافی هەرێمی کوردستان بدات

هەولێر-KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق گوتی، پێویستە لەمەودوا حکوومەتی عێراق تا بودجە پەسەند دەکرێت، بەپێی یاسا مافی هەرێمی کوردستان بدات، ئەویش لە سەرفکردنی بودجەی یەک لەسەر 12، چۆن بۆخۆیان سەرف دەکەن بۆ هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە بێت.
دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێویستە لەمەودوا حکوومەتی عێراق بە یاسا مافەکانی هەرێمی کوردستان بدات، نەک بە شێوەی ڕێککەوتن، چونکە مادام حکوومەتی عێراق نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت و بەپێی یاساش یەک لەسەر 12ی بۆ خۆی سەرف دەکات، پێویستە بە هەمان شێوە بۆ هەرێمی کوردستانیش بێت، نەک 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات و بەقەرزیش حیساب بکرێت، بۆیە پێویستە لە بەغدا هەوڵ بدرێت کە تا بودجە سەرف دەکرێت لەو پارەیەی سەرف دەکرێت بە هەمان شێوە پشکی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکات.''
دکتۆر فازڵ نەبی گوتیشی: ''ئەگەر یاسا جێبەجێ بکرێت، پێویستە چۆن بۆ خۆی سەرف دەکات، بە هەمان شێوە بێت بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە بە یاسا هەرێمی کوردستان مافی لەلای حکوومەتی عێراق هەیە، بۆیە بە هەموو پێوەرەکان مافی هەرێمی کوردستانە لەمەودوا تا بودجە پەسەند دەکرێت، مانگانە لەو پارەیەی سەرفی دەکەن پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکەن، نەک 400 ملیار دینار.
بڵند ئیبراهیم




