بۆ ئەوەی پەرلەمانی سویسرا کارەساتی شنگال بە جینۆساید بناسێنێت زیاتر لە 50 هەزار ئیمزا کۆ کراوەتەوە

دهۆک-KDP.info- بۆ بەجینۆسایدناساندنی کارەساتی شنگال لە پەرلەمانی سویسرا زیاتر لە 50 هەزار ئیمزا کۆ کراوەتەوە و بڕیارە پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەو بارەیەوە بەڕێوە ببات. سەرپەرشتیاری کۆکردنەوەی ئیمزاکانیش دەڵێت: ''ئومێدێکی زۆرمان هەیە پەرلەمانی سویسرا هاوشێوەی وڵاتانی دیکە ئەو کارەساتە بە جینۆساید بناسێنێت.''
فەیسەڵ عەلی، بەڕێوەبەری رێکخراوی هیڤی لە کەمپەکانی ئاوارەکانی شنگال لە دهۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''داواکارییەک پێشکەش کرابوو کە لە پەرلەمانی سویسرا هاوشێوەی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە کارەساتی شنگال بەجینۆساید بناسێنرێت، بۆیە پێویستە 50 هەزار ئیمزا هەبێت بۆ ئەوەی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەو بارەیەوە بکات، بۆیە ئێمەش لە رێگەی فۆرمی ڕاستەوخۆ و ئەلکترۆنی هەڵمەتێکمان دەست پێ کرد کە تا ئێستا توانیومانە 51 هەزار ئیمزا کۆ بکەینەوە و دەمانەوێت بیکەینە 70 هەزار ئیمزا، چونکە لە پەرلەمانی ئەورووپا بڕگەیەکی دەستووری هەیە هەر میلەتێک 50 هەزار کەس داوای دانیشتنێکی پەرلەمان بکەن لەبارەی بابەتێکی تایبەتەوە، پێویستە پەرلەمان کۆبوونەوەی لەبارەوە بکات، بۆیە پەرلەمانی سویسرا لەبارەی ئەو پرسەوە کۆ دەبێتەوە و چاوەڕێ دەکەین کارەساتی شنگال بە جینۆساید بناسێنرێت.''
فەیسەڵ عەلی گوتیشی: ''لە کۆکردنەوەی ئیمزا خەڵک زۆر هاوکارن لەگەڵ ئێمە و تەنانەت خەڵکی موسڵمانیش هاوکاریی ئێمەیان کردووە، ئەوانەی شنگال لە کۆکردنەوەی ئیمزا، بۆیە ئێمەش لە کەمپی چەمشکۆ دەستمان بەو کارە کرد و دواتر لە نزیکەی حەوت کەمپ هەڵەمەتەکە بەڕێوە چوو، زۆر سوپاسی لقی 17ی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەکەین کە زۆر هاوکاریی ئێمەیان کردووە و پاڵپشت بوون بۆ هەموو هاوکارییەک بۆ ئەوەی بتوانین ئیمزای پێویست کۆ بکەینەوە.''
عەلی ڕوونیشی کردەوە: ''پەیوەندیمان لەگەڵ پەرلەمانی سویسرا هەیە و لە رێگەی ئیمێل ئیمزاکانیشمان بۆ ناردوون و چاوەرێی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دەکەین کە هەر کەسێک ئیمزای کردووە ناوی سێیانیی خۆی و ناونیشانی خۆیشی داوە، بۆیە ئومێدێکی زۆرمان هەیە کە پەرلەمانی سویسراش ئەو کارەساتە گەورەیە بە جینۆساید بناسێنێت.''
بڵند ئیبراهیم




