مەناف حەسەن: چوار مانگە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەستی پێ کردووە
__2023_05_06_h15m26s25__ER.jpg)
مووسڵ -KDP.info- بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ ئاشکرای کرد، ماوەی چوار مانگە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستی پێ کردووە و دەڵێت، پارتیش لە مووسڵ ئامادەکاریی زۆر باشی کردووە.
مەناف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی چوار مانگە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستی پێ کردووە و ئێمەش وەک پارتی لەگەڵ ھەنگاوەکانی کۆمسیۆن ئامادەکاری دەکەین بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئێستا کۆمسیۆن دەستی بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پرۆسەی بایۆمەتری کردووە.''
بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ دەشڵێت: "تەنیا کێشەی بەردەم پرۆسەکە بۆ ئێمە پرسی ئاوارانەکانی دەرەوەی کەمپەکانە، چونکە ڕێژەیەکی زۆری ئاوارە لە دەرەوەی کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنیش پێویستە بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان.''
مەناف حەسەن ڕوونی کردەوە: "ئێمە لە ھەوڵداین لە ڕێگەی کۆمسیۆنەوە کارئاسانی بۆ دەنگدەرانی ئاوارەی دەرەوەی کەمپەکان بکرێت، یەکێک لەو ڕێگایانە گواستنەوەی دەنگدەری ئاوارەیە بۆ ئەو بنکانەی ھاوسنوورن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان. بۆ نموونە ئاوارەکانی دھۆک و دەوروبەری لە ناحیەی فەیدییە و سنووری قەزای شێخان دەنگ بدەن و ئەوانەی ھەولێرن لە خەبات و ناوچەکانی دیکە بەشداری بکەن.
قائید میرۆ




