د. محەمەد شوکری: لە ھەرێمی کوردستان 45 پڕۆژەی وەبەرھێنانی بیانی ھەن
__2023_05_06_h15m24s19__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان ئاشکرای کرد، ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی دەکرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان و ئێستا 45 پڕۆژەی وەبەرھێنان بە سەرمایەی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار ھەن.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھەرێمی کوردستان 45 پڕۆژەی وەبەرھێنانی بیانی ھەن بە سەرمایەی زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری ئەمەریکی و خزمەتگوزاری زۆر باشیش بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی دابین کراون، بەپێی یاسا بەرکارەکان ئاسانکاریی زۆر بۆ وەبەرھێنانی بیانی دەکرێت تا پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن.''
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان گوتیشی: "ھەر وەبەرھێنەرێکی بیانی بیەوێت بێتە ھەرێمی کوردستان و بەشداری لە کەرتی وەبەرھێنان بکات، ئاسانکاریی بۆ دەکرێت ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمپانیاوە تا کۆتایی و ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان.''
د. محەمەد شوکری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەستەی گشتیی وەبەرھێنانەوە گرینگی بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار دەدات بۆ ئەوەی ژێرخانێکی باش لە ھەرێمی کوردستان بنیاد بنێین.''
قائید میرۆ




