٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێتیی مامۆستایان: 70%ی تەواو بووە.. تەواو بێت دابەش دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان گوتی، دوای ئەوەی لەماوەی رابردوو دوو پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان لە ھەولێر و سلێمانی ئەنجامدران، لەئێستادا پڕۆژەیەکی دیکە لە گەرمیان لە تەواو بوون دایە و لە سلێمانیش پڕۆژەیەکی دیکە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لە دھۆک پڕۆژەمان نیە و کێشەی دابینکردنی زەویمان ھەیە.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەوڵەکانی ئێمە بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان بەردەوامە و لە سلێمانی و ھەولێر دوو پڕۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان تەواو بووە و ئێستا لە گەرمیانیش پڕۆژەیەکی دیکەمان لە بواری جێبەجێکردن دایە، کە ھەزار و 850 یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ مامۆستایان، کە ھەنگاوی باش نراوە و 70%ی تەواو بووە و ھەندێک گرفتی دابینکردنی خزمەتگوزاری ماوە ئەویش تەواو بێت دابەش دەکرێت".

ئەحمەد گەرمیانی گوتیشی: "جگە لەوەش لە سلێمانی پڕۆژەی دووی سلێمانی ئەنجام دەدرێت، ئەویش زەوی بۆ تەرخانکراوە و خەریکی تەواوکردنی رێکارەکانی تەواو بێت ئەویش دەست پێ دەکات، کە تەواو بوون ئەوکات دیار دەبێت دەتوانین چەند یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر ئەو زەویە دروست بکەین".

گەرمیانی باسی لەوەشکرد: "لە پارێزگای دھۆکیش ھەوڵمانداوە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان دروست بکەین، بەڵام کێشەی دابینکردنی زەوی ھەیە، ئەگەر زەوی دابین بکرێت و ئیدارە ھاوکار بێت لەوێش یەکەی نیشتەجێوون بۆ مامۆستایان دروست دەکرێت".

ناوبراو گوتیشی: "ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانە بەقیستی درێژخایەن و بۆ ماوەی 10ساڵ دەدرێت بە مامۆستایان و لەرێگەی تیروپشکیش دابەش دەکرێن، بۆیە لە ھەموو رێگەیەکەوە لە ھەوڵداین یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان دروست بکرێت و سەرجەم مامۆستایان ببنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوون".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار