مەکتەبی سیاسی پارتی پرسەنامەیەک ئاڕاستەی خانەوادەی (حەیدەر فەیلی) دەکات

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەھۆی کۆچی دوایی کەسایەتی تێکۆشەر و نیشتیمانپەروەر (حەیدەر شێخ عەلی)، پرسەنامەیەک ئاڕاستەی کەسوکاری و خانەوادە و هاوڕێیانی دەکات.
دەقی پرسەنامەکە...
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
بۆ کۆچی دوایی کەسایەتی نیشتیمانپەروەر (حەیدەر شێخ عەلی)
بەڕێز خانەوادەی کەسایەتی تێکۆشەر و نیشتیمانپەروەر (حەیدەر شێخ عەلی)
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی دیار و نیشتیمانپەروەر(حەیدەر شێخ عەلی) ناسراو بە(حەیدەر فەیلی)مان بیست، کە بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و کەسوکار و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان و هاوڕێیانی دەکەین و، خۆمان بە شەریکی خەمتان دەزانین.
خوالێخۆشبوو(حەیدەر شێخ عەلی) کەسایەتیەکی ناسراوی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان و کێشە ڕەواکەی بوو، ناوبراو وەزیری پێشووی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بوو لە حکوومەتی هەرێم، هەروەها وەک پێشمەرگەیەکی دێرین و سەرکردەیەکی حزبی شیوعی لە خەباتی شاخ و شاردا کەسایەتیەکی دڵسۆز و تێکۆشەر بوو.
ئومێدەوارین دڵنەوایی و هاوخەمی هاوڕێ و هاوخەبات و دۆستانی ببێتە مایەی سەبووری و ئارامگرتنتان و لە خەم و خەفەتتان کەم بکاتەوە.
جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووبارە دەکەینەوە و، داواکارین لە خوای گەورە خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئێوەش لە خەم و خەفەت و کۆستی دیکە بەدوور بن..
انا للە وانا الیە راجعون
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
٥ـ٥ـی٢٠٢٣




