پەرلەمانتارێکی پارتی: کەسوکاری شەھیدانی شەڕی داعش قەرەبوو دەکرێنەوە

بەغدا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرای کرد، سوودانی بەڵێنی داوە کەسوکاری ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش شەھید بوون قەرەبوو بکرێنەوە و دەشڵێ: شەھیدانی شەڕی داعش لە عێراق سوودمەند بوون و تەنیا شەھیدانی پێشمەرگە ماون قەرەبوو بکرێنەوە.
کاڤین شێخ سەعید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقمان کردووە و داوامان لە سەرۆکوەزیران کرد قەرەبووی خێزانی پێشمەرگە شەھیدەکانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش بکرێتەوە، سوودانی بەڵێنی ئەوەی پێ داوین لەنێو بودجەی ئەمساڵ 2023دا قەرەبووی شەھیدانی پێشمەرگە، ئەوانەی لە شەڕی داعش گیانی خۆیان کردە قوربانی دەکرێتەوە.
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: ''نامەیەکم لەو بارەیەوە داوەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، چونکە شەھیدانی شەڕی داعش سوودمەند بوون لەو قەرەبووکردنەوەیە و تەنیا شەھیدانی پێشمەرگە بێبەش کراون، داوام کردووە پرسی شەھیدانی شەڕی داعش وەک پرسێکی مرۆیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت نەک سیاسی.
کاڤین شێخ سەعید ڕوونی کردەوە: "گرووپی تیرۆریستیی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە شکستی ھێنا و سەدان پێشمەرگە لە کاتی بەرگری لە خاکی کوردستان و کاتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان شەھید بوون، ئەرکی حکوومەتی عێراقە قەرەبووی خێزانەکانیان بکاتەوە.
قائید میرۆ




