ڕێبەر ئەحمەد: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق زۆر نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاوارە و پەنابەران دەکات

هەولێر -KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق زۆر نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاوارە و پەنابەران دەکات و ئەو بابەتەی لە ڕووی سیاسییەوە سەیر کردووە و جێی داخە ژیانیان بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنرێت، بۆیە گەر خەمی ئاوارەکانیانە بگەڕێنەوە، با بێن ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن و ئاوارەکانی شنگال بگەڕێنەوە.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندێکی UNHCR بۆ هاوکاریکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ پەنابەران گوتی، ئەو پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێم و یوئێن بە زووترین کات و ئاسانترین ڕێگا بگاتە دەست پەنابەران و سەنتەری پاراستن و تۆمارکردنی پەنابەران، کە ئەمڕۆ دەکرێتەوە هەموو ئۆرگانەکانی سەر بەحکومەتی هەرێمی کوردستان لێرە کۆ دەکرێتەوە وەکوو پۆلیس، نشینگە و ئاسایش و هاوبەشانمان لە یوئێن بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ خزمەتگوزاری پێشکەشی پەنابەران بکەن، بەشێکی زۆری پەنابەران نزیکن لەم شوێنەی ئەمڕۆ دەکرێتەوە و مەزندە دەکرێت، ئەم سەنتەرە خزمەتگوزاری پێشکەش بە نزیکەی 100 هەزار کەس بکات کە لە هەولێر پەنابەرن، چونکە نیوەی زیاتری پەنابەرانی هەرێم لە هەولێر نیشتەجێن، بەداخەوە بارودۆخ ئاسایی نییە و ڕێکارەکان وەکوو پێویست نین بۆ ئەوەی ئەو پەنابەرانە ئارەزوومەندانە و سەربڵندانە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بۆیە هیوادارین بە زووترین کات دۆخەکە ئاسایی بێتەوە و پەنابەران بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە بۆ سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان و ئێمەش وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی یوئێن و دۆستمان لە ناوچەکە بتوانین هاوکاری و ئاسانکاری بکەین بۆ گەڕانەوەیان.
ڕێبەر ئەحمەد گوتیشی: تاوەکوو لە هەرێمی کوردستان بن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لەئەستۆیدا بێت ئەنجامی دەدات، بۆیە ئەمە بە دەرفەت دەزانین داوا لە دۆستانمان، ئەوانەی کۆمەکبەخش و ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەم ئەم ئەرکە تەنها بۆ حکوومەتی هەرێم و خەڵکی هەرێم بەجێ نەهێڵن، ڕاستە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و میزانییەیەکی زەبەلاحی هەیە، بەڵام بەداخەوە لە بواری ئاوارە و پەنابەران ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات، بەتایبەت وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران زۆر نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاوارە و پەنابەران دەکات و ئەو بابەتەی لە ڕووی سیاسییەوە سەیر کردووە، جێیداخە ژیانیان بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنرێت، لە هەرێمی کوردستان دەرگامان بۆ هەموو کەسێک کردووەتەوە کە پێویستی بە حەوانەوە هەیە و پێش ئەو پەنابەرانە دەرگامان بۆ هەموو خەڵکی عێراق کراوە بوو کە تووشی گرفت بن لە ناوچەکانی خۆیان، بەتایبەت لەدوای هاتنی داعش و شەڕی سەپێندراوی تیرۆیرستان لەسەر هەرێمی کوردستان نزیک بو 2 ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە ڕوویان لە هەرێم کرد تا ئێستاش نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن و ئەرکی حەوانە و پاراستن و نیشتەجێکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری هەمووی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێم بووە.
گوتیشی: ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەرانداین، بەڵام هیچ کات کەمپەکان داناخەین کە خەڵکی پێویستی بە هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە داوا دەکەین وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بکات و واز لە موزایەدەی سیاسی بێنێت و لەسەر ئەرزی واقع هاوکار بن لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و ئێمە دەرگامان بۆ هەمووان کراوەیە بێن ئەو ئەرکە لەگەڵ ئێمە هەڵگرن، چونکە ئەرکێکی قورسی دارایی لەسەر شانی ئێمەیە، بۆیە ئەوانەی خەمی ئەو گەڕانەوەیانە با بێن ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن کە ئەو ڕێککەوتنە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگالە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە بۆ جێبەجێکردنی شنگال.
بڵند ئیبراهیم




