٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحما خەلیل: سوودانی بۆ ئەم مەبەستە دێتە شنگال

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باس لە دوایین زانیاری لەبارەی ڕەوشی شنگال دەکات و دەڵێ، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئیدارەی شنگال دەگەڕێتەوە و سوودانیش لەچەند رۆژی دابێ دێتە شنگال.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئیدارەی شنگال بگەڕێتەوە بۆ قەزای شنگال، بەڵام سەرکردایەتی کوردستان بڕیار لەسەر رۆژی گەڕانەوەی ئیدارەکە دەدات، دیدارمان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەبوو، ناوبراو ڕەوشی شنگال بەرەو ئاسایی کردنەوە دەبات و سەرۆکوەزیران ھەماھەنگە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان".

پەرلەمانتارەکەی ئاماژە بەوەش دەکات: "لەگەڵ گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی ئەو ھێزانەی لە شنگال و بۆ بەرژەوەندی خۆیان کار دەکەن دەردەکرێن لە دەڤەرەکە، چونکە ئیدارەی شنگال بڕیار لەسەر مانەوەی ھەر ھێزێک دەدات لە شنگال و ناکرێت چەند ھێزێک لەناوچەکە ھەبن و بۆ بەرژەوەندی چەند لایەنێک کار بکەن، ھەروەھا ئیدارەیەکی بەھێز لەشنگال کار بۆ دەرکردنی ئەو ھێزانە دەکات".

مەحما خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "سوودانی ھاوڕایە لەگەلمان بۆ ئاسایی کردنەوەی ڕەوشی شنگال و داماڵینی دەڤەرەکە لەو ھێزانەی لە شنگالن، بڕیارە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا سوودانی سەردانی شنگال بکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی شنگال بێت و زۆر جەختی کردووەتەوە ھەماھەنگی باش ھەبێت لەنێوان شنگال و ھەرێمی کوردستان".

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار