٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى به‌رگریى ئیتالیا كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/5/3 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز گویدۆ کرۆسێتۆ وەزیری بەرگریی ئیتالیا کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئیتالیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوایین سه‌ردانى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى بۆ ڕۆما، دۆخى سیاسیى عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ڕۆڵى ئیتالیا له‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش و دوایین پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ڕۆڵ و پشتگیریى سه‌ربازیى ئیتالیا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا دووپات كرده‌وه‌ و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان بە په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئیتالیا ده‌ربڕى، به‌تایبه‌تیش فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌ش له‌ بوارى ئه‌منیدا. به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها سوپاسى ڕۆڵى هێزه‌كانى ئیتالیاى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ مه‌شق و ڕاهێنانیان به‌ پێشمه‌رگه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زیرى به‌رگریى ئیتالیا وێڕاى ده‌ربڕینى به‌رده‌وامیى پشتگیریى سه‌ربازیى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێزانینى ئیتالیا بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ تێكشكاندنى داعشدا، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان و عێراقى به‌ گرنگ بۆ ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراینا و دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا باڵیۆزى ئیتالیا له‌ عێراق، كونسولى گشتى و فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى ئیتالیا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار