فازڵ میرانی: لە چوار ڕووهوه کوردانی فەیلی بوونەتە قوربانی

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کوردانی فەیلی بەشێکی سەرەکین لە گەلی کوردستان و پێویستە وەکو 'قوربانی' سەیریان بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی لێهاتووییانەوە، کوردانی فەیلی لە مێژووی پارتی و کوردستاندا خاوەن چەندین پۆستی باڵا بوون.
رۆژی چوارشەممە 3ـی ئایاری 2023، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانی دووەم رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی زانستیی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی فەیلی، بەشداری لە پانێلێکدا کرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا رایگەیاند، لە مێژووی کورددا، کوردانی فەیلی قوربانیی زۆریان داوە و بەشدارییەکی کارایان لە شۆڕش و دەستکەوتەکانی گەلی کورددا هەبووە.
بە گوتەی فازڵ میرانی، پارتی وەکو بەشێکی دانەبڕاو لە گەلی کوردستان سەیری کوردانی فەیلی کردووە و مامەڵەی لەگەڵ کردوون و بۆ ئەمەش مێژوو شاهیدە. روونیشی کردەوە، کوردانی فەیلی بەشدارییەکی کارایان هەبووە لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە درێژایی مێژوو ژمارەیەکی زۆری پۆستە باڵاکانی پارتی و کوردستانیان وەرگرتووە.
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەش کرد، چوار پۆستی زۆر گرنگی ئەو کاتی کورد بەدەست کوردانی فەیلییەوە بوون، لەوانەش سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان، سکرتێری ئافرەتانی کوردستان، سکرتێری قوتابیانی کوردستان و سکرتێری لاوانی کوردستان، "ئەمەش بەهۆی ئەوەوە نەبووە، کە کوردی فەیلی بوونە، بەڵکو توانای پارتی کوردی فەیلی بوونە".
فازڵ میرانی، بە پێویستی دەزانێت وەکو قوربانی "زەحییە" سەیری کوردانی فەیلی بکرێت و دەڵێت، لە چوار رووەوە کوردانی فەیلی بوونەتە قوربانی، یەکەمیان بەهۆی ئەوەی کورد بوونە، دووەمیان بەهۆی ئەوەی شیعە بوونە، سێیەم و چوارەمیشیان بەهۆی ئەوەی لە عێراق وەکو بیانی تەماشا دەکران و لە ئێرانیش وەکو "معاودی".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فازڵ میرانی پرسیارێکی ئاراستـەی بەشداربووان کرد و گوتی: ئایا ئەوەی کوردانی فەیلی شایستەی بوون و چاویان لێ بووە، بۆیان کراوە؟ من پێتان دەڵێم، نا. ئەم 'نا'ـیە بۆ بینینی شتەکانە وەکو خۆی و بۆ نەشێواندنی مێژوو و لەدەستنەدانی مافی خەڵکە.
میرانی لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، ئەرکەکانی کوردانی فەیلی لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و بەشداریکردنیان لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان، لە مافەکانیان زیاتر بوونە. بنەمایەک هەیە پێویستە هاوسەنگی هەبێت لە نێوان ئەرک و مافەکاندا، بەڵام ئەم چەندە لە بەرامبەر کوردانی فەیلی نەکراوە.
فازڵ میرانی بە پێویستی دەزانێت نەوەی نوێ بە شێوەیەک پەروەردە بکرێت، کە بیر لە توندوتیژی و ئەنجامدانی تاوان نەکاتەوە، بەڵکو پێویستە ئامانجیان بەرقەرارکردنی ئاشتی و پێکەوەژیان بێت، بۆ ئەوەی هەمان ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەی دژ بە کوردانی فەیلی کراون، لە داهاتوودا دووبارە نەبنەوە.
بە گوتەی میرانی، حکوومەتی عێراق بە ئەنجامدانی تاوان دژ بە کوردانی فەیلی تۆمەتبارە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بە "کەمتەرخەم" ناو برد لە بەرامبەر پێدانی ماف و شایستەکانی کوردانی فەیلی. فازڵ میرانی بە پێویستی دەزانێت حکوومەتی عێراق قەرەبووی کوردانی فەیلی بکاتەوە و دەڵێت: بە رای من قەرەبووی مەعنەوی گرنگترە لە قەرەبووکردنەوەی ماددی.
فازڵ میرانی، بە دووپاتکردنەوە لەوەی، کوردانی فەیلی بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کورد و وەکو کەمینە سەیریان ناکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرینەی ئەو تاوانانەی دژ بە کوردانی فەیلی ئەنجام دراون، بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانیانەوە بووە، دواتر بە هۆی ئینتمای ئایینییەوە.
رۆژی سێشەممە 2ـی ئایاری 2023، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگا حکوومییەکان، یەکەمین کۆنفڕانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە هەولێر دەستی پێکرد و ئامانج لەو کۆنفڕانسە سێ رۆژییە، بەجینۆسایدناساندنی ئەو کۆمەڵکوژییانەیە کە دژ بە کوردانی فەیلی ئەنجام دراون.




