٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و شاندێکی پارتی ھاک-پار کۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پارتی ماف و ئازادییەکانی تورکیا کرد، کە لە سەرۆک و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی پێکھاتبوون.

ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پارتی ماف و ئازادییەکانی تورکیا کرد، کە لە سەرۆک و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی پێکھاتبوون  و بریتی بوون لە بەڕێزان، جەعفەر ستێرک، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و جێگری سەرۆک، مەحسون چەلەبی، جێگری سەرۆک، سیدار باسۆت، جێگری سەرۆک و زانا سەزەن، نوێنەری باشووری کوردستانی پارتی ماف و ئازادییەکان HAK-PAR.

بەڕێز سیوەیلی، بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و باسی لە دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەیی بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی کرد، بەڕێزیان جەختی لە گرنگیی سەقامگیری و کاری پێکەوەیی کرد بۆ گەیشتن بە ئامانج.

لە دیدارەکەدا، بەڕێز دووزگون کابان، سەرۆکی پارتی ماف و ئازادییەکان (ھاک-پار) بە فراوانی دیدگا و سیاسەت و ستراتیژی پارتەکەی خستەڕوو، سەبارەت بە ماف و ئازادییەکان و چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد لەو بەشەی کوردستان و ھاوکاری و ھەماھەنگی و ھاوھەڵوێستی لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ بەدەستھێنانی ئاشتی و ئاسایشی و ئازادی و خۆشگوزەرانی، ناوبراو هەروەها دووپاتی لە پێگە و گرنگیی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە لەو بارەیەوە.

بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە، پەیوەست بوو بە گفتوگۆ لەسەر ھەڵبژاردنەکانی گشتی و سەرۆککۆماری لە تورکیا و  ھەڵسەنگاندنی پێگەی کورد و ھاوپەیمانێتیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە.

ھەروەھا باسکردنی دۆخی ھەرێمی کوردستان و عێراق و  ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دیاسپۆرای کوردستانی و چەندین بابەتی دیکە، کە جێی بایەخی ھەردوولان، گفتوگۆی چڕیان لەسەر کرا و ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر ئەوەی سەقامگیری و ئاشتی دەتوانێت ببێتە ھاوکاری گەیشتنی گەلانی ناوچەکە بە ئازادی و خۆشگوزەرانی.

 

هەواڵی پەیوەندیدار