٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیر بۆ KDP: گه‌نم به‌ 850 هەزار دینار وەردەگرین.. لە دوو هەفتەدا پارەكه‌ دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتوودا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەر تۆنێک بە 850 هەزار دینار وەردەگرن و بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانیش لە ماوەی دوو هەفتە لە ڕادەستکردنی گەنم، پارەی جووتیاران خەرج دەکرێت.

کەمال موسلیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمساڵ بە هۆی ئەوەی بارانێکی زۆر باش باریوە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زۆر باش بێت و بە نرخێکی گونجاویش گەنمەکە لە جووتیاران وەردەگیرێت.

موسلیم گوتیشی، ئەمساڵ بڕیار دراوە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار بێت و بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانیش لە ماوەی دوو هەفتەدا کە جووتیاران گەنم ڕادەستی سایلۆکان دەکەن، پارەی خۆیان وەردەگرن.

وەزیری بازرگانی باسی لەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستان هێشتا وەرزی دروێنە دەستی پێنەکردووە بۆ وەرگرتنی گەنم، کە لە عێراق دەمێکە دەستی پێکردووە، بۆیە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا لە هەرێمی کوردستانیش دەست پێدەکات و گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر جووتیاران کاتێک گەنمیان ڕادەستی سایلۆکان دەکرد، ماوەیەکی زۆری پێدەچوو تاوەکو پارەکەیان وەردەگرت، بەڵام بۆ ئەمساڵ حکوومەت بڕیاری داوە لە ماوەی دوو هەفتە دوای ڕادەستکردنی گەنم، پارەی جووتیاران خەرج بکرێت.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار