سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی بڵاو دەکاتەوە..کێ نایەوێت هەڵبژاردن بکرێت

هەولێر-KDP.info-سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە چەند خاڵێک روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی ئاشکرا کردووە، کە سەبارەت بەو رێگرییانەی لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی کوردستان لەلایەن یەکێتییەوە دەکرێت و کراوە، ئەوەش وێڕای ئەو هەموو نەرمی و سازش و لە ماف خۆشبوونەی پارتی کە بۆ داخوازییەکانی ئەو لایەنە کراوە، لەبەر بارودۆخی هەرێم، لە کۆتاییشدا دەڵێ، ناکرێت چیتر ئەم پرسە دوابخرێت و مافی بەشداری پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان زەوت بکرێت.
رونکردنەوەیەک دەربارەی هەوڵەکانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە ماوەی رابردوودا بەر لە تەواوبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، چەندین هەوڵمان داوە بۆ ئەوەی زەمینە سازی و ئاسانکاری سیاسی و یاسایی بکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە وادەی خۆیدا و پەنا نەبرێتە بەر درێژکردنەوەی ماوەی خولی پەرلەمان، لەم پێناوەدا سازشی زۆرمان لە ماف و راو بۆچونەکانی خۆمان کرد، تەنها لە پێناوی ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام بە داخەوە نەتوانرا ئەو کەشە سیاسی و یاساییە دروست بکرێت. بۆیە لە پێناو ئەوەی دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەرەو ناسەقامگیری نەچێت بە ناچاری بە هاوبەشی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی (یەکێتی و گۆڕان و پێکهاتەکان و سەردەم) یاسای بەردەوام بوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١٢ی٢٠٢٢مان پەسەند کرد، کە تیایدا هاتووە خولی پێنجەمی پەرلەمان تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پاییزەی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت و بەم پێیە پێویستە بەر لەم وادەیە هەڵبژاردن لە هەرێمی ئەنجام بدرێت. بۆیە (پ.د.ک) سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی دیاری کراودا ئەنجام بدرێت کە بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (٩٠) لە لایەن رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی ١٨ی١١ی٢٠٢٣ دیاری کراوە وەک رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و بە فەرمانی ژمارە (١٤٧٢) لە رۆژی ١٦ی٤ی٢٠٢٣ لە لایەن رێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ دابینکردنی پێراویستییەکانی هەڵبژاردن. ئەوەی وەک گرفتی یاسایی ماوە پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە، لەم پێناوەدا لە رابردوو ئێمە بە ژمارەیەک هەوڵی جددی بەردوام بووین لەگەڵ لایەن سیاسییەکان بۆ ئەوەی لەسەر ئەم دوو پرسە گرنگە لێکتێگەیشتن و رێککەوتین دروست بکەین، کە بە چەند خاڵێک لە خوارەوە دەیانخەیەن ڕوو:
١-لە رۆژی ٣ی١١ی٢٠٢١ کە دەکاتە ساڵێک بەر لە تەواو بوونی خولی پەرلەمان لە کۆبونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرکۆی فراکسیۆنەکان پێشنیارمان کرد کە کۆمسیۆنێکی تازە دروست بکرێت بە یەکێک لەم رێگایانە: یان بە پێی ئەنجامی دوایی هەڵبژاردنی ٣٠ی٩ی٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان و بەرکەوتەی لایەنە سیاسییەکان بێت، وە یان بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ١٠ی١٠ی٢٠٢١ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چونکە پێکهاتەی ئێستای کۆمسیۆن بە پێی رێژەی بەرکەوتەی خولی چوارەمی پەرلەمان کوردستان کۆمسیارەکان دانرابوون، کە لە خولی چوارەم فراکسیۆنی پارتی (٣٨) کورسی هەبوو، بەڵام لە خولی پێنجەم رێژەی کورسیەکانی پارتی بۆ (٤٥) کورسی بەرزبوەوە، وە یاخود دانانی ژمارەیەک دادوەری سەربەخۆ و دوور لە پشکی حزبی لایەنە سیاسییەکان. بەڵام فراکسیۆنەکانی تر بە هیچ لەو پێشنیارانەی ئێمە رازی نەبوون و داوایان کرد کە کۆمسیۆن بە هەمان پێکهاتە و پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان لە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران وەکو خۆی کارابکرێتەوە.
٢-دوای دوو کۆبونەوەی تر لە ١٨ و٢٠ی١١ی٢٠٢١ فراکسیۆنەکانی تر بە تایبەتی (ی ن ک) داوایان کرد کە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام بە بێ ئەوەی هیچ پڕۆژەیەک پێشکەش بکەن.
٣-لە رۆژی ٥ی١ی٢٠٢٢ وەک شاندێکی سیاسی پارتیمان سەردانی مەکتەبی سیاسی (ی ن ک) مان کرد لە سلێمانی و تەئکیدمان کردەوە کە کات لەبەردەست نیە و پێویستە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارا بکرێتەوە، بڕیاربوو کە دوای هەفتەیەک شاندی لایەنی بەرامبەر سەردانی ئێمە بکەنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی زیاتر لەو بابەتە بکەین، بەڵام شاندەکە بەداخەوە ئامادەییان پیشان نەدا بۆ ئەو کۆبونەوەیە و سەردانیان نەکردینەوە.
٤-لە کۆبونەوەی ٨ی٢ی٢٠٢٢ سەرۆکی فراکسیۆنەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە لایەنەکانمان راگەیاند بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت ئێمە وەک پارتی رازین لەسەر پێشنیارەکەیان بۆ ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وەکو خۆی کارابکرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی سازشمان لە مافی خۆمان وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن کرد و واژۆمان لەسەر رێککەوتنێک کرد کە بۆ هەردوو پرسی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن زۆرینە بەکارنەهێنرێت، بەڵکو بە سازانی سیاسی هەنگاوە پەرلەمانییەکان بنێین. بەڵام لەسەرەتادا بۆ ئەوەی سود لە کات وەربگرین کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارابکەینەوە، بۆ ئەوەی کۆمسیۆن دەست بە ئامادەکاریەکانی خۆیان بکەن و دواتریش گفتوگۆ بکەین لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن.
بەڵام بەداخەوە لایەنەکان لە دواییدا پەشیمان بوونەوە لە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن وەکو خۆی و داوایان کرد هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن بەیەکەوە تەواو بکرێت لە پەرلەمان.
٥-دوای رێککەوتنی ئاماژە پێکراو لە خاڵی چواری سەرەوە بەداخەوە لەلایەن (ی ن ک) رێککەوتنەکە پێشێل کراو بە هاوبەشی ژمارەیەکک ئەندامی تری فراکسیۆنەکانی تر پڕۆژەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنیان پێشکەش کرد.
٦-دوای ئەم هەنگاوانە لەلایەن بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان بە بڕیاری (ی ن ک) لەمپەر بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان دروست کرا، بۆیە نەتوانرا تاوەکو ٢ی٦ی٢٠٢٢ دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، چونکە ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان بەستبوەوە بەو مەرجەی کە نابێت پرسی کۆمسیۆن و هەڵبژاردن بخرێنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان.
٧-لە رۆژی ٧ی٦ی٢٠٢٢ شاندی باڵای (پ د ک) (ی ن ک) لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە هەولێر کۆبونەوە و رای ئێمە ئەوەبوو لەبەر ئەوەی کاتی پێویستمان نەماوە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن با بە هەمان یاسای هەڵبژاردنی پێشوو هەڵبژاردن بۆ یەک خولی داهاتوو ئەنجام بدەین، دواتر یاسایەکی تازە بنوسرێتەوە، بەڵام لایەنی بەرامبەر رازی نەبوو بەو پێشنیارە.
٨-بە داخەوە بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی لەهەرێمی کوردستان دروست نەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی (یەکێتی و گۆڕان و پێکهاتەکان و سەردەم) بە ناچاری پەنامان بۆ دەرکردنی یاسای بەردەوام بوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١٢ی٢٠٢٢ برد لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە ١١ی رۆژی ٩ی١٠ی٢٠٢٢، کە بە پێی ئەم یاسایە پەرلەمان تاوەکو ١ی١٢ی٢٠٢٣ خولەکەی درێژکرایەوە.
٩-لە یاسای بەردەوام بوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١٢ی٢٠٢٢ هاتووە لەم ماوەیەدا (واتا لەو ماوەیەی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمان درێژ کراوەتەوە) پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام بەداخەوە دوای ئەم وادەیە جارێکی تر لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان بە بڕیاری یەکێتی دانیشتنەکان پەکخرایەوە و ئەم پرسە وەکو خۆی مایەوە.
١٠-لە کۆبونەوەی ١٨ی١ی٢٠٢٣ی مەکتەبی سیاسی پارتیمان راگەیەندرا کە لە پێناوی ئەوەی ئەمساڵ ٢٠٢٣ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئێمە وەک پارتی رازی دەبین هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت و سیستەمی فرەبازنەیی کە داواکاری لایەنەکان بوو پەیڕەو بکرێت، لە کاتێکدا ئێمە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی مافی حزبە بچوکەکان فرەیی هێزە سیاسیەکان لە ناو پەرلەماندا داوای مانەوەی سیستەمی یەک بازنەی هەڵبژاردنمان دەکرد.
١١-لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٣ چەند جارێک داوامان کرد دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی هەنگاوە پەرلەمانییەکان دەست پێبکەین و خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پێشنیازە یاسایانەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت کە لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی پێشکەشیان کردووە، بەڵام بەداخەوە جارێکی تر سەرۆکی پەرلەمان بە بڕیاری یەکێتی دانیشتنەکانی پەکخست و رێگری کرد لە ئەنجام دانی دانیشتنەکان.
١٢-لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی یاسادانانی بەهارە لە ١ی٣ی٢٠٢٣، لیژنەی یاسایی پەرلەمان ویستی ئەوەیان هەبوو بە ئەرکی پەیڕەوی خۆیان هەڵبستن و پێشنیازە یاساکانی تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەرزبکەنەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان تاوەکو خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت، بەڵام دیسان جارێکی تر بە بڕیاری یەکێتی لەمپەر دروست کاریەوە بۆ کۆبونەوەی لیژنەی یاسایی، تیمی پارتی لە لیژنەی یاسایی دەیانتوانی بە زۆرینە لەناو لیژنەکە ئەم ئەرکە جێبەجێبکەن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسی و لەمپەر دروست نەکردن بۆ دانوستاندنەکان هەنگاوەکەیان راگرت و زۆرینەیان بەکارنەهێنا.
١٣-دوای ئەم وادەیە لە چوار کۆبونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی، وە پارتی و یەکێتی پێکەوە لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی رێککەوتین کە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەم شێوەیە بێت: کوردستان بکرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، ئاماری ژمارەی دانیشتوانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێتە بنەما بۆ دابەشکردنی کورسیەکان بەسەر بازنەکاندا، تۆماری بایۆمەتری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکاربهێنرێت، سیستەمی لیستی تێکەڵ بۆ هەڵبژاردنی پاڵێوراوەکان بەکاربهێنرێت واتا نیوەی لیستەکە داخراوو نیوەکەی تر نیمچە کراوە بێت.
١٤-لە سەر پرسی کۆمسیۆن لەگەڵ لایەنەکان رێککەوتین کە وەکو خۆی کارابکرێتەوە، پەرلەمانیش هەنگاوەکان دەست پێبکات، بۆیە لە رۆژی ١٤ی٣ی٢٠٢٣ بە بڕیاری پەرلەمان لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ وەرگرتنی ناو و سیڤی کاندیدان بۆ ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا لیژنەکە کارەکانیان تەواو کردووە و پێویستە لە نزیکترین دانیشتنی پەرلەمان دەنگ لەسەر کاندیدان بدرێت بۆ ئەوەی بەر لە ١٨ی٥ی٢٠٢٣ کۆمسیۆن بتوانێت دەست بە کارەکانی خۆی بکات کە بە گوتەی کۆمسیۆن ماوەی شەش مانگیان پێویستە.
١٥-ئەوەی تاکو ئێستا وەک خاڵی ناکۆک ماوەتەوە لە دانوستانەکان، کورسی کۆتای پێکهاتەکانە کە لەگەڵ لایەنەکان رێککەوتین رای پێکهاتەکان خۆیان وەربگیرێت و فەرزی ئیرادەی خۆمان نەکەین لە سەر پێکهاتەکان، بۆیە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبونەوەیەک بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ نوێنەری سەرجەم هێزە سیاسییەکانی پێکهاتەکان و نوێنەرانیان لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام درا و رای خۆیان خستە روو کە لە سەدا نەوەدی زیاتریان لەگەڵ ئەوە بوون هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری پێکهاتەکان یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت و تۆماری دەنگدان و سندوقی تایبەت بە خوشک و برایانی مەسیحی هەبێت.
١٦-دوای ئەوەی پێکهاتەکان رای خۆیان لەو بارەیەوە پێشکەش کرد وەک ئەوەی لە خاڵی سەرەوە باسمان کرد، بە داخەوە لایەنی (ی ن ک) هەر سوور بوون لەسەر ئەوەی لە جیاتی پێکهاتەکان بڕیار بدەن و هەرێمی کوردستان بکرێتە فرەبازنەیی هەڵبژاردن بۆ پێکهاتەکان و دوو کورسی بۆ مەسیحی و دوو کورسی بۆ تورکمان لە پارێزگای سلێمانی دیاری بکرێت.
١٧-ئێمە وەک (پ د ک) هەر لە سەرەتاوە تەئکیدمان لەوە کردۆتەوە کە پێویستە پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بۆ شێوازی بەشداریان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بدەن و نابێت هیچ لایەنێکی سیاسی دەرەوەی پێکهاتەکان لە جیاتی ئەوان بڕیار بدات، بە جۆرێک هەر شێوازێک خۆیان بە پەسەندی دەزانن ئێمە قبوڵی دەکەین.
١٨-وەک دەبینین وردە وردە وادەی دیاری کراو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە و پەرلەمانیش بە هۆی رێگریەکانی (ی ن ک) لە ئەنجامنەدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە رێگای بەکارهێنانی دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان (کە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دیاریکردنی وادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە) هیچ هەنگاوێکی کرداری نەناوە بۆ چارەسەری گرتە یاساییەکانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، لەوانە کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن، بۆیە لە یاداشتێکماندا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ٣٠ی٤ی٢٠٢٣ داوامان کرد کە لە نزیکترین کاتدا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت و پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بخرێتە بەرنامەی ئەم دانیشتنەی پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەم بۆ سەرجەم ئەو پێشنیازە یاسایانە بکرێت کە لەلایەن فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان لە بارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە، تاکو هیچ بیانوویەک نەمێنێت و هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا لە ١٨ی١١ی٢٠٢٣ لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەم یاداشتەی ئێمە لە کاتێکدایە کە پێشتریش بەڕێز جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە هەمان شێوە داوای لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە بۆ ئەم دوو پرسە دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، کە بە داخەوە ئەوکاتیش یەکێتی رێگری کرد لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان.
بۆیە ئێمە چاوەڕوانی ئەم دانیشتنە دەکەین و ناکرێت چیتر ئەم پرسە دوابخرێت و مافی بەشداری پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان زەوت بکرێت.
زانا مەلا خالید
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان




