٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەوڵ دەدرێت نووسینگەی کار لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان گوتی، هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی نووسینگەی کار لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ژمارەیەکی وردی کرێکارمان هەبێت و ئەوانەی بێکاریشن کاریان بۆ بدۆزرێتەوە.

سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، هەنگاو عەبدوڵا خان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دەرفەتی کار زۆر زیادی کردووە بەهۆی ئەو هەموو پڕۆژەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی کردوون، چونکە ئێستا دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر باشترە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕیاری داوە لە هەر پڕۆژەیەکدا پێویستە نزیکەی 80%ی کرێکارەکان خۆماڵی بن، ئەوەش هەنگاوێکی زۆر باشە.''

هەنگاو عەبدوڵا خان گوتیشی: ''هەوڵ دەدرێت کە نووسینگەی کار لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی هەم ئامارێکی وردی کرێکارانمان هەبێت و هەم بزانین چەند کرێکار کاری هەیە و چەندیش بێکارن، بۆ ئەوەی کاریان بۆ بدۆزرێتەوە، بۆیە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین کاری باش بکەین.''

عەبدوڵا خان باسی لەوەش کرد: ''بەهۆی ئەوەی نووسینگەی کار لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کەمە ناتوانین ئاماری وردمان دەست کەوێت، بۆیە هەوڵ دەدەین نووسینگەی دیکە بکرێتەوە بۆ ئەوەی لە هەموو ڕوویەکەوە بتوانین سوودیان لێ وەرگرین.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار