٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جوندیانی بۆ KDP: خۆشیمان بێ و ترشیمان بێ ھەر دەبێ ھەڵبژاردن بکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد، ھەرچەندە وەک خۆی دەڵێ، لەگەڵ ئەم ستایلەی دیموکراسیدا ناکۆکە، بەڵام پێی وایە ھەر دەبێ ھەڵبژاردن بکرێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئێمە وەک نەتەوە مەسەلەی داگیرکردن و سەربەخۆنەبوونمان ھەیە، بەڵام نەیاران و ھەندێ لای تریش بەخورتی ئەیانەوێ بابەتی داگیرکردن و سەربەخۆبوون و سەروەربوونمان لە چەمکی (کێشە) و چەمکی (کێشەی نەبوونی دیموکراسیدا) کورت بکەنەوە و شەتەکی بدەن.

ئازاد جوندیانی، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "من دەمێکە ڕامگەیاندووە؛ کە لەگەڵ ئەم ستایلەی ((دیموکراسی))ـدا ناکۆکم؛ کە بۆمان دیارکراوە و ھەڵبژاردنی کردووەتە قیبلەنما، بەڵام چارمان ناچارە و کورد گوتەنی (خۆشیمان بێ و ترشیمان بێ) ھەر دەبێ ھەڵبژاردن بکەین؛ گەمە سیاسییەکەی لێ بکەرەوە و ھەڵبەتە دوای ئەزموونکردنی زادەی ئیرادەیەکی ئازاد و سەربەخۆ نییە، چونکە ھەموو ھەڵبژاردنێک لە کوردستاندا؛ لە یەکەم ھەڵبژاردنی دوای ڕاپەڕینەوە؛ ھێزە سیاسی و بگرە ھێزە کۆمەڵایەتییەکانیش ئەو ئەندازەیە لە یەکڕیزیشیان کە ھەبوو، ھەڵتەکاند و دواجار بەرەو گەڕێکی تری شەڕی ناوخۆی بردین؛ کە نەئەبووایە بەوێ بگا، بۆیە ئێستاش گەر گرەو لەسەر ھەڵبژاردن و پرەنسیپە وابەستەکانی تری بکرێ؛ بڕوا ناکەم یەکڕیزیێک دروست ببێ".

جوندیانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بیرمان نەچێ کوردیش بە ھێزە سیاسییەکانیشیەوە؛ وەک نەتەوەکان و کۆمەڵگا دوور و نزیکەکانی تر؛ ئەتوانێ ئەکتەری باش و نمایشکاری باش بێ. لەو سۆنگەیەوە، مل بۆ ئەوە ئەدەم؛ کە کورد ناو و دیکۆری دیموکراسی وەربگرێ؛ بەڵام دەستبەرداری ئەو گەمە قێزەونانە بێ؛ کە لێکەوتەی جۆری دیموکراسییەتەکەن و لەبری ئەوە دیموکراسیەتێکی مانادار و بەرھەمدار لە قاڵبی کەسایەتییەکی (شەخسیەت) لێڤەگەڕی متمانەدار و مێژووسازدا؛ نەک ھەر بەرھەم بێنێ؛ بەڵکو بشیسەپێنێ".

دەشڵێ: "ئەوە بۆچوونێک یان خوێندنەوەیەکی دروستی مێژوویی نییە؛ کە لێکدانەوەیەکی نادروست و نامۆ بۆ مەسەلەی بنەچەیی ئێمە ئەکا و بگرە سەروەشمان ئەکا بەوەی؛ کە گوایا ئەوەی ئێمەی پێ ئەناسرێنەوە و ھەمانە (کێشەی نەبوونی دیموکراسی)ـیە، لە کاتێکدا ئێمە وەک نەتەوە مەسەلەی داگیرکردن و سەربەخۆنەبوونمان ھەیە؛ بەڵام نەیاران و ھەندێ لای تریش بەخورتی ئەیانەوێ بابەتی داگیرکردن و سەربەخۆبوون و سەروەربوونمان لە چەمکی (کێشە) و چەمکی (کێشەی نەبوونی دیموکراسیدا) کورت بکەنەوەو شەتەکی بدەن".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار