عەلی حوسێن: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت

سلێمانی -KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا بکرێت کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریی کردووە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتییش لیژنەیەکی تایبەت کاری لەسەر دەکات و بەردەوامە لە کارەکانی خۆی.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەرین، عەلی حوسێن، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ''لیژنەیەک پێک هاتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئەو لیژنەیە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات و لە کارەکانی خۆی بەردەوامە.''
عەلی حوسێن گوتیشی: ''پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە هەموو توانای خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش وادەی هەڵبژاردنی دیاری کردووە.''
حوسێن ڕوونیشی کردەوە: ''بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنیش خەڵکی تایبەتمەند دیاری کراون لە لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە هەڵبژاردن.''




