بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان دەست پێ بکەنەوە

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی یاساییی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی لەبارەی ئەو کێشانەی هەن لەسەر هەڵبژاردن بگەینە ڕێککەوتن، چونکە کات کەم ماوە و پێویستە پەلە بکرێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتن بکرێت .
بەرپرسی یاساییی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوار محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو هەنگاوەکان و گفتوگۆکان دەست پێ بکەنەوە بۆ ڕێککەوتن لەبارەی ئەو گرفتانەی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە کۆمسیۆن بە هەمان شێوەی ئێستا کارا دەکرێتەوە و تەنها دوو ئەندامی نەماون، ئەوانیش دادەنرێن، کە یەکێک پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و کاندیدی ئێمە بەهجەت ئاڤدەلە و ئەوەی دیکەش پشکی تورکمانە.''
هاوار محەمەد گوتیشی: ''هەر حزبێک ئازادە لەوەی کاندیدەکانی دەگۆڕێت، یاخود هەر ئەوانە بمینێن کە لە کۆمسیۆنی پێشوو کاریان کردووە، بۆیە ئێستا تۆپەکە لە پەرلەمانی کوردستانە، بۆ ئەوەی کۆمسیۆن کارا بکاتەوە.''
محەمەد ڕوونیشی کردەوە: ''لەبارەی یەکلاییکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنیش چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان دەست پێ بکەنەوە، چونکە کاتەکە بەردەوام دەڕوات و پێویستە پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆمسیۆن بتوانێ دەست بە ئامادەکارییەکانی خۆی بکات و یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بکرێتەوە.''
بڵند ئیبراهیم




