بریکاری وەزارەتی کار: پڕۆژەیاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەر دەکرێت
__2023_05_01_h14m57s47__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرای کرد، وەزارەتەکەیان ڕەشنووسی پرۆژەیاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ئامادە کردووە و دوای پەسەندکردنی لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ پەسەندکرن.
زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لەسەر کارکردن بۆ مافی کرێکاران و دوای دەرکردنی یاسای کار لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە وەزارەتی کار پرۆژەیاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ پەسەندکردن و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت تا وەک یاسا پەسەندی بکات، جگە لە ئامادەکردنی پرۆژەیاسا، چەندین ڕێنمایی لەبارەی کرێکاران دەر کراوە.''
بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دانانی سیاسەتی نیشتمانیی بەکارخستن، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠١٢ کاری لەسەر کراوە، بەڵام بەھۆی تێپەڕبوونی چەندین ساڵ پێویستی بە ڕێکاری نوێ ھەیە.''
زەکیە سەید ساڵح ڕوونی کردەوە: "ھەموو ھەوڵێکمان خستووەتە گەڕ بۆ پاراستنی مافی کرێکاران و لیژنەیەکی باڵا بۆ ڕێکخستنی کار پێک ھاتووە و کار بۆ ئەوە دەکرێت ھەموو کرێکاران مافیان پارێزراو بێت و دەستەبەر بکرێن بۆ ئەوەی لە کاتی ھەبوونی کێشە و نەخۆشی و خانەنشینی سوودمەند بن لە مافەکانیان.''
قائید میرۆ




