٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی و زانستیی جینۆسایدی کوردانی فەیلی بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-  بەرپرسی نووسینگەی کوردانی فەیلی سەر بە بارەگای بارزانی گوتی، سبەی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی-زانستی دەربارەی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە هەولێر دەست پێ دەکات کە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت.

عەلی فەیلی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سبەی سێشەممە ٢/٥/٢٠٢٣ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی-زانستی دەربارەی جینۆسایدی کوردانی فەیلی دەست بە کارەکانی دەکات، کە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاریی تەواو کراوە.''

عەلی فەیلی گوتیشی: ''کۆنفرانسەکە زانستییە و میوان لە ناوخۆ و دەرەوە بەشداری لەو کۆنفرانسەدا دەکەن، لەبەر ئەوەی نێودەوڵەتییە هەر بۆیە خەڵکی وڵاتانیش بەشدار دەبن کە توێژینەوەی زانستی دەربارەی جینۆسایدی کوردانی فەیلی دەکرێت و هەرسێ زانکۆی سەڵاحەدین و دهۆک و سۆران ئەو کۆنفرانسە بەڕێوە دەبەن.''

فەیلی ڕوونیشی کردەوە: ''کۆنفرانسەکە لەژێر چاودێری و بەشداری سەرۆک بارزانی دەبێت و جگە لەوەش، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لەو کۆنفرانسەدا دەکات.''

بڕیارە سبەی کاتژمێر 9:30 خولەکی بەیانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی-زانستیی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە شاری هەولێر دەست بە کارەکانی بکات و ئەو کۆنفرانسە چەند پەنەلێک لەخۆ دەگرێت و توێژینەوەی جیاجیا پێشکەش دەکرێن.

 

بڵند ئیبراهیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار