دوو زانکۆی نوێ لە ئاکرێ و گەرمیان دەکرێنەوە

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرای کرد، سەرۆکی حکوومەت رەزامەندیی نیشان داوە بۆ کردنەوەی دوو زانکۆی نوێ لە ئاکرێ و گەرمیان، بەڵام ھێشتا بە فەرمی وەڵامی سەرۆکایەتیی حکوومەت نەگەیشتووەتە وەزارەت و دەشڵێ، پێشتر ئەنجوومەنی وەزارەت کردنەوەی ھەردوو زانکۆی پەسەند کردووە.
د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ساڵێک پێش ئێستا دوو پڕۆپۆزەڵ پێشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراون بۆ کردنەوەی ھەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی ئاکرێ و گەرمیان، لیژنەی پسپۆڕ لەلایەن وەزارەتەوە رەوانەی ئەو شوێنانە کراون و پێداچوونەوە بۆ کردنەوەی ھەردوو زانکۆ کرا، دواتریش لە لایەن ئەنجوومەنی وەزارەتەوە کردنەوەی زانکۆیەک لە ئاکرێ و زانکۆیەک لە گەرمیان پەسەند کران و رەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کرا بۆ رەزامەندیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".
بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت: "تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە وەڵامی خوێندنی باڵا نەدراوەتەوە، بەڵام زانیاریم ھەیە کە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت، رەزامەندیی لەسەر کردنەوەی ھەردوو زانکۆ داوە و چاوەڕێی وەڵامی فەرمین بۆ کردنەوەیان".
عەبدولڕەزاق روونیشی کردەوە: "ئەگەر لە ئایندەیەکی نزیکدا رەزامەندیی کردنەوەی ھەردوو زانکۆکە گەیشتە وەزارەت، ئەوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن ھەردوو زانکۆی ئاکرێ و گەرمیان دەکرێنەوە و قوتابی وەردەگرن، ئێستاش قوتابی وەردەگیرێن لەو دوو شوێنە، بەڵام سەر بە زانکۆی دیکەن و زانکۆی سەربەخۆ نین".
قائید میرۆ




