٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەشیر حەداد: پێویستە ئەو پێکەوەژیانە ئایینییەى هەیە وەک بیلبیلەى چاومان بیپارێزین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- پێویستە کۆمەڵگای ئێمە وەک بیلبیلەى چاو ئەو پێکەوەژیانە ئایینییە و ئەو ئاشتییە کۆمەڵایەتییەى هەیە، بیپارێزێت، ئێمە هەموو کات لە هەوڵى ئەوەداین هەموو ئایینزاکان بیر لەوە بکەنەوە کە هەمووان لە شتێکدا بەشدارین، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤین، ئایینى زۆرینەى ئێمە ئیسلامە، دەبێت ڕێز لە پیرۆزیى پێڕەوانى ئایینەکانى تریش بگرین.

د. بەشیر حەداد، ماموستایی ئایینى، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: ''ئەوەى گومانى تێدا نییە، ئەوەیە کە ململانێی ئایینى لە هەر کۆمەڵگایەکدا مەترسییەکى گەورەیە، زیانەکانى لە هەر ململانێیەکى دیکەى سیاسى، یان کۆمەڵایەتى گەورەترە، ململانێی ئایینى، ململانێی مەزهەبی و بیر و بۆچوون و ئەقیدەیە و دەبەسرێتەوە بە ئایین و ئەقیدەى ئەو کەسەوە و بە ناوى خوا و دینەوە ململانێ دەکرێ، بۆیە کاردانەوەى خراپى لێ دەکەوێتەوە، مەترسییەکانى لەناو کۆمەڵگادا زۆر گەورەتر دەبێت لە هەر ململانێیەکى تر".

بەشبر حەداد گوتى: "پێویستە کۆمەڵگاکەى ئێمە وەک بیلبیلەى چاو ئەو پێکەوەژیانە ئایینى و ئاشتییە کۆمەڵایەتییەى هەیە و بەرقەرارە بیپارێزین، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێت درز بکەوێتە نێوان ئەو پێوەندییە مرۆڤایەتی و نیشتمانییەى لە نێوان پێکهاتەکانى ئەم کۆمەڵگایە هەیە، ئاشتیی کۆمەڵایەتى و یەکترى قبووڵکردن ئەو نموونانەن کە کوردستانى پێ جوان بووە، ئەوەشە دۆستانمان لە هەموو وڵاتان یارمەتیى هەرێمەکەمان دەدەن، خاڵێکیشە کە ئێمە شانازیى پێوە دەکەین، ئەم بارودۆخە مرۆڤانەیە و یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتیى تێدایە".

گوتى: "هەر گرژییەکى نێوان لایەنەکان زوو کۆنترۆڵ بکرێت و هەر لایەنێکى سیاسى ئەو بابەتە بقۆزێتەوە بۆخۆى و داواکاریى سیاسیى خۆى بخاتە قاڵبى مەزهەبى و دینییەوە، مەترسییەکى گەورەیە بەڕاستى و پێویستە لەسەر هەموو لایەنەکانى تر بەرامبەرى بوەستنەوە".

دەڵێ: "هەر لایەن و شوێنکەوتووى ئایینێک کار لەسەر ناکۆکیى ئایینى بکات، زیانى گەورە بە خۆى دەگەیەنێت، پاشان خەڵکانى دیکە، ئاسایشى ژیان بۆ هەموو ئایینزاکان پێڕەوانى ئایینەکان لەو خاڵەدایە کە لە پێکەوەژیانى ئایینەکاندا هەیە، ئێمە هەموو کات لە هەوڵى ئەوەداین هەموو ئایینزاکان لەوەدا بیر بکەنەوە کە لە شتێکدا بەشدارین، ئەویش ئەوەیە کە هەموو مرۆڤین و بەندەى خواین، ئەگەر بیروڕاى جیاوازمان هەبێت، بەڵام هەموومان باوڕمان وایە بەندەى خواین، مرۆڤین و ڕێز لە یەکترى بگرین. لە چوارچێوەى هەرێمەکەشماندا کۆکەرەوەمان نیشتمان بێت، کەواتە دوو بازنەیە بازنەى هەموومان مرۆڤین و بازنەى هاووڵاتیبوون کۆمان بکاتەوە، پێکەوە هەر یەکە و پارێزگارى لە پیرۆزییەکانى خۆى و پیرۆزییەکانى بەرامبەریشى بکات".

زیاتر دەڵێ: "هیچ لە پێڕەوانى ئایینزایەک نایەوێت دەستدرێژى بکاتە سەر خەڵکانى ترەوە، بەڵام لەوانەیە لێرە و لەوێ خەڵکانێک لە کاتى ئاشووب و ناخۆشى، لە بەرژەوەندیى ئەواندا بێت، فیتنەیەک و ئاشووبەیەک دروست بکرێت، بۆیە لە هەموو کات و قۆناخێکدا دەستى ئاژاوەگێڕى و خەراپە هەبووە، پێویستە لەسەر هەموو پێکهاتەکان چاودێر بن و ئاگادار بن و نەیەڵن دەستى ئاژاوەگێڕ لە ناویان ئەم تابلۆ جوانەى پێکەوەژیان لە کوردستان هەیە، بیشێوێنن".

ئێمە وەک پێڕەوى ئایینى ئیسلام زۆرینەى هەرەزۆرى ئەم کۆمەڵگایەین، ئایینەکەمان ئایینى ئاشتییە و پێویستە هەموومان پارێزگارى لە بیر و باوڕى خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا ڕێز لە بەرامبەرەکەى خۆمان بگرین و دەستدرێژی نەکرێتە سەر بیر و باوڕى لایەنێکى تر، ئەوان بە ئاشتى لەناو وڵاتى تۆدا دەژین، لە دینیشدا قبوڵکراو نییە لە کاتێکدا ئەوان زیانیان پێت نەگەیاندووە، دەستدرێژی لە بیر و باوەڕت ناکەن، ئێمەى موسڵمانیش بە هەمان شێوە ڕێزیان لێ بگرین و دەستدرێژییان نەکەینە سەر".

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار