٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەجوا کاکەیی: ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەبەر کەرکووک بۆ کورد گرینگە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات و پەرلەمانتارێکی پارتییش لە کەرکووک پێی وایە، ھەڵبژاردنەکە لەبەر کەرکووک بۆ کورد گرینگە و، دەشڵێت، ئێمە لەگەڵ ھەڵبژاردنین، ئەگەر لایەنەکانی دیکە ئامادە بن.

نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقین لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کە ٤/١١/٢٠٢٣یە، بەتایبەتی دوای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە پارتی نەیھێشت کەرکووک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق جیا بکرێتەوە و لەگەڵ ھەموو پارێزگاکان لە کەرکووکیش ھەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنێکی نوێ دەکرێت.''

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "ئەگەر بێت و ڕەوشی عێراق تا ئەو کاتەی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دیاریکراوە سەقامگیر بێت و پرۆسەی سیاسی ئامادەیی تێدا بێت، ئێمەیش وەک پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانین، بەڵام ئەگەر ڕەوشێکی نوێ ھاتە کایەوە و زۆربەی لایەنەکان داوای دواخستنی پرۆسەکەیان کرد، ئێمەیش ڕێگر نابین.''

ھەیام تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و ڕێکخراوەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: "کۆمسیۆن ناتوانێ لەو وادەیەی دیاری کراوە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە ببات و پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ ئامادەکارییەکان.''

گوتیشی: "داوامان کردووە پرۆسەکە دوا بخرێت بۆ ٢٠/١٢/٢٠٢٣ تا ئامادەکاریی زیاتر بکرێت.''

نەجوا کاکەیی ڕوونی کردەوە: "ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بۆ کورد گرینگیی خۆی ھەیە، چونکە ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان ئیدارەیەکی سەپێندراوی ھەیە و ھەڵبژاردنی ئەم جارە کەرکووکیش دەگرێتەوە، لەبەر ئەوەیش بۆ کورد زۆر گرینگە و بەداخەوە ھەندێ لایەن ھەوڵێکی زۆریان دا لەم ھەڵبژاردنەدا کەرکووک لە پارێزگاکانی عێراق جیا بکرێتەوە، بەڵام پێداگریی پارتی وای کرد لە پارێزگای کەرکووکیش ھەڵبژاردن بکرێت.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار