بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر: لە مانگی داهاتوو گەشتەکانمان زیاد دەکات

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گوتی، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ زیادکردنی گەشتە ئاسمانییەکانمان و لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو گەشتەکانمان زیاد دەکەن، لە کاتێکدا ئێستا ڕۆژانە 64 گەشتمان لەگەڵ وڵاتان هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەحمەد هۆشیار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هەوڵەکان بەردەوامن بۆ زیادکردنی گەشتە ئاسمانییەکانمان لەگەڵ وڵاتان و ئێستا ڕۆژانە وەکوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر 64 گەشتمان لەگەڵ وڵاتان هەیە و لە مانگی داهاتووەوە گەشتەکانمان زیاد دەبێت بەهۆی نزیکبوونەوە لە وەرزی هاوین، چونکە ساڵانە لەو کاتانەدا گەشتەکانمان زیاد دەکەن.''
ئەحمەد هۆشیار گوتیشی: ''لە مانگی داهاتوو دیار دەبێت لە ناوەڕاستی مانگ کە دەبێتە وەرزی گەشتکردن، بۆیە پێشبینی دەکەین کە لە مانگی داهاتوو گەشتەکانمان زیاد بن.''
هۆشیار ڕوونیشی کردەوە: ''جگە لەوەش، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکانمان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتی فەرەنسا دەست پێ بکەین، بۆیە هەوڵەکان بەردەوامن و هەنگاوێکی زۆر باش دەبێت.''
بڵند ئیبراهیم




