دەستەی وەبەرهێنان: لەم کابینەیە 28 هەزار و500 هەلی کارمان لە هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی خۆمان و تا ئێستا زیاتر لە 130 هەزار هەلی کار ڕەخساوە و تەنها لەم کابینەیەش 28 هەزار و500 هەلی کارمان ڕەخساندووە.
بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر هەڤاڵ سدیق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە ساڵی 2006وە تا ئێستا 130 هەزار و 366 هەلی کارمان لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ڕەخساندووە و لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش 28 هەزار و500 هەلی کارمان بۆ خەڵکی خۆمان ڕەخساندووە، بۆیە بە بەردەوامی هەوڵی زیاترکردنی هەلی کار دەدرێت لە پرۆژەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و کەرتی دیکە، بۆیە پلانمان هەیە زیاتریش بکەین لە ڕێگەی پرۆژەی پیشەسازی و کشتوکاڵ، چونکە چەند پرۆژە زۆر بێت هەلی کاریش زیاد دەبێت، هەربۆیە داوامان لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کردووە ناوی ئەو کەسانەمان بۆ ڕەوانە بکەن کە بێکارن و پسپۆڕییەکەشیان چییە، بۆ ئەوەی هەلی کاریان بۆ بدۆزینەوە.''
دکتۆر هەڤاڵ سدیق گوتیشی: ''بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر پرۆژەیەک مۆڵەتی پێ بدرێت پێویستە ڕێژەی کرێکاری ناوخۆیی لە 75% کەمتر نەبێت، بۆیە گرنگیی زۆر بە کرێکاری ناوخۆ دەدەین.''
سدیق ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو پرۆژانە کاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر کۆمەڵگا بۆ ئەوەی هەلی کاری زیاتریان بۆ بڕەخسێت، چونکە ئەو ئامارەی باسمان کرد، ئەوانە هەلی کاری ڕاستەوخۆ و هەلییکاری ناڕاستەوخۆش یەکجار زۆرە و ئێمە هەلی کار بۆ ئەوانەش دەدۆزینەوە کە دانەمەزراون.''
بڵند ئیبراهیم




