٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھێمن میرانی: دەست بەسەر چەکدا دەگرین و چاوپۆشی لە کەس ناکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کرد، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەستیان کردووە بە داماڵینی چەک و دەشڵێ، ھەر کەسێک چەکی لابێت لە دەرەوەی یاسا، ئەوە بەبێ چاوپۆشی لە پێگە و ناوبانگی دەستی بەسەردا دەگیرێت و یاسا لەسەر ھەموو کەسێک جێبەجێ دەکرێت.

د. ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ ھەڵمەتی داماڵینی چەکی دەست پێ کردووە و ھەبوونی ژمارەیەکی زۆری چەک لە دەست ھاووڵاتیان ھۆکارە بۆ زیادبوونی ڕێژەی تاوان و کوشتن لە ھەرێمی کوردستان، ئێمە دەمانەوێ ژمارەی چەک لە ھەرێمی کوردستان سنوردار بکەین و وەزارەت دەستی بە ھەڵمەتی گەڕان بەدوای چەکدا کردووە و بەردەوام مەفرەزەکانی ھێزە ئەمنییەکان لە ئەرکدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەک.''

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتیشی: "بەداخەوە ھەر کێشەیەک چەکی تێدا بەکار بێت، چارەسەرکردنی ئەستەمە، لەبەر ئەوەشە حکوومەت دەیەوێت کۆتایی بە چەکی بێمۆڵەت بێنێ و کار دەکات بۆ ئەوەی چەک لەنێو کۆمەڵگادا سنوردار بکرێت.''

لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ چەک لە ھەموو کەس وەردەگیرێت، لە ھەر پلە و پۆستێکدا بێت، د. ھێمن میرانی ئاشکرای کرد: "لە ھەر شوێنێک بزانین چەک ھەیە و چەکەکە ھی حکوومەت نییە، ئەوە بەبێ دوودڵی ھێزەکانمان دەچنە سەر ئەو شوێنە و دەست بەسەر چەکدا دەگرن، ئەگەر ئەو کەسە ھەر پلە و پۆستێکی ھەبێت لە دەرەوەی یاسا، واتە کەس بەدەر نییە لە یاسا و لەلای حکوومەت و یاسا وەک یەک لەسەر ھەموو کەسێک جێبەجێ دەکرێت.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار